پشتگوێخستنی داواکارییەکانی دوو بەندکراوی مانگرتوو بە ناوەکانی میکاییل موعینی و ئازاد سەعیدی لە لایەن بەرپرسانی زیندانی بۆکانەوە، بۆتە هۆی بەردەوامبوونی مانگرتنی هەردوو زیندانییەکە. دەوترێت دۆخی تەندروستیی میکاییل موعینی لە بیست و شەشەم ڕۆژی مانگرتندا باش نییە و بۆتە مایەی نیگەرانی.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، میکاییل موعینی کە لە ٢٦ی گوڵانەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر زیادکردنی بڕی بارمتەکەیدا بۆ بەهرەمەندبوون لە مۆڵەتی پشوو یان چوونەدەرەوەی کاتی لە زیندان مانی لە خواردن گرتووە، تووشی دابەزینی زەخت و لاوازبوونی باری تەندروستی بووە. ئەم زیندانییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن هاوبەندییەکانیەوە براوەتە نەخۆشخانەی زیندان، بەڵام سەرەڕای داواکاری و پێداگریی کارمەندەکانی نەخۆشخانە ئامادە نەبووە سێرۆم وەربگرێت و گەڕاوەتەوە ناو بەندەکەی. میکاییل موعینی لە ٢٨ مانگ لەمەوپێشەوە لە زیندانی بۆکاندایە و بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە سڕکەرەکانەوە حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە. ئەم زیندانییە لە خاکەلێوەی ئەمساڵیشدا بۆ ماوەی ٨ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو کە دوای بەڵێنی ئاسانکاری لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.

هەروەها زیندانییەکی دیکەیش بە ناوی ئازاد سەعیدی کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر ڕاگرتنی دەرفەتی بەهرەمەندبوون لە پشووی کاتی بە دەستووری داواکاری گشتی لە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی جۆزەردانەوە مانی لە خواردن گرتووە، درێژەی بە مانگرتنەکەی داوە.

ئەم زیندانییەش لە ماوەیەک لەمەوپێشەوە و بە دەستووری داواکاری گشتی لە دەرفەتی پشووی کاتی بێبەش کراوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێشتر ١٤ جار مۆڵەتی چوونەدەرەوەی پێ درابوو. ناوبراو نزیکەی ٧ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە سڕکەرەکانەوە دەستبەسەر کرا و حوکمی ٢٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە.