چالاکوانی مەدەنیی کورد ساکار عەینی کە دوای نزیکەی ٥ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ لە ڕێکەوتی ١١ی جۆزەرداندا گواسترابوویەوە بۆ زیندانی ئەم شارە، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی جۆزەردان تێستی کۆرۆنای لێ گیراوە و دەر کەوتووە کە تووشی کۆرۆنا بووە، هەر بۆیە براوەتە قەرەنتینەیەکی تایبەت لە بەندی ئەمنی زیندانەکەدا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم چالاکە دەستبەسەرکراوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ساکار عەینی کە لە ڕێکەوتی ١١ی جۆزەرداندا لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێوە گواسترابوویەوە بۆ قەرەنتینەی زیندان، دوای ١٠ ڕۆژ مانەوە لە قەرەنتینەدا بە مەبەستی گوازرانەوە بۆ ناو بەند تێستی کۆرۆنای لێ گیراوە و دەر کەوتووە کە تووشی کۆرۆنا بووە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دوای دەرکەوتنی تووشبوونی بە کۆرۆنا، لە بەندی قەرەنتینەوە ڕەوانەی ژوورێکی بەندی ئەمنی زیندان کراوە کە بۆ زیندانییانی تووشبوو بە کۆرۆنا تەرخان کراوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی ٢٠ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو و لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی کورددا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە تاران دەستبەسەر کران و گواسترانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێ.

 لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی کورد کە بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا ڕووی دا، نزیکەی ١٢٠ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کران. گەرچی هەندێ لەم گیراوانە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، بەڵام هەندێکیان سەرەڕای تێپەڕینی ٥ مانگ هێشتا هەر دەستبەسەرن و ئازاد نەکراون.