به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وتۆته‌ده‌ست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە ٩ی گەلاوێژ زیندانییەکی مەزهەبی بە ناوی ئیرەج سۆفی محەممەد بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر قبووڵنەکردنی داواکارییەکەیدا بۆ گوازرانەوە بۆ زیندانی مەهاباد کە شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەیەتی، مانی لە خواردنی گرتووە. ناوبراو دوابەدوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکە بە دەستووری بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.

ئیرەج سۆفی محەممەد، خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ هەر لەم شارە بە دەستی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە بەرواری ٢٧ی گوڵانی ١٣٩٩ لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو بە تۆمەتی «چالاکیی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە گرووپە توندڕەوە مەزهەبییەکاندا، سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم سزای دوای ڕاگەیانی گەڵاڵەیاسای کەمکردنەوەی سزای زیندان، بۆ ١٠ ساڵ بەندکران گۆدرا.

ئاغای سۆفی محەممەد پێشتر و لە ساڵی ١٣٩٦یشدا لە بە دەستی هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە هەر بەم تۆمەتە حوکمی ١٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپابوو. ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی زیندانەکەی لە ساڵی ١٣٩٧دا لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرابوو.