بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٧ی ڕەزبەر هێزە ئەمنییەکان بەبێ حوکمی یاسایی ئارمین ئێسپێرلووس، چالاکی ژینگەپارێزیان لە شەقامێکی شاری سنە دەستبەسەر کردووە و بردوویانەتە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لەم شارەدا.

دوای ئەوەی بنەماڵەی ئەم چالاکە ژینگەپارێزە سەردانی دادگای سنەیان کردووە، بەشی داواکاریی گشتیی ئەم شارە پێیان ڕاگەیاندوون کە بڕیاری یەک مانگ دەستبەسەربوونی کاتیی بۆ دەر کراوە.

ڕۆژی ڕابردوو تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ڕای گەیاندبوو کە دوو چالاکی ژینگەپارێز بە ناوەکانی سەلاح حسەینپەنا و سالار ساڵحی لە شارەکانی بانە و سنە دەستبەسەر کراون.

فەرانەک جەمشیدیی هاوسەری ئەم چالاکە ژینگەپارێزە کە جۆزەردانی ئەمساڵ بۆ تێپەڕاندنی حوکمی یەک ساڵ زیندانەکەی ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئێسلاح و تەربیەتی سنە کرابوو، چەند ڕۆژ لەمەوپێش مۆڵەتی پشووی کاتی یان مورەخەسیی پێ دراوە.

ئارمین ئێسپێرلووس پێشتر و هاوکات لەگەڵ ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی ژینگەپارێز و ئەندامانی لقی کوردستانی پارتی یەکێتیی نەتەوەییدا، لە بەرواری ٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٧دا دەستبەسەر کرابوو و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ناوبراو لە ڕەشەمەی ١٣٩٧دا بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» حوکمی ٣ مانگ و ڕۆژێک زیندانی بەسەردا سەپا.