سەرەڕای تێپەڕینی دوو حەفتە بەسەر گواستنەوەی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدامدا بۆ شوێنێکی نادیار، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە. حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتر پەسەند کراوە و هەر بۆیە بەردەوامبوونی ئەم بێهەواڵییە بۆتە مایەی نیگەرانیی قووڵی بنەماڵەکەی.

کەسێکی نزیک لەم زیندانییە سیاسییە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕای گەیاند: «لە ڕێکەوتی ٤ی گەڵاڕێزاندا مەحیەدین ئیبراهیمی و ٥ زیندانیی سیاسی-مەزهەبی و غەیرەسیاسیی دیکە لە زیندانی ورمێوە گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار. لەم ماوەیەدا زیندانییەکانی تر توانیویانە چەندین جار بە کورتی تەلەفۆن بۆ بنەماڵەکانیان بکەن و وتوویانە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپان لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێ».

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «مەحیەدین ئیبراهیمی تا ئێستە مۆڵەتی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەی پێ نەدراوە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەیشی بۆ وەرگرتنی هەواڵێک لەسەر چارەنووسی بێئەنجام بووە و ئەمەش بۆتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکانی بنەماڵەکەی سەبارەت بە مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە».

دەوترێت دوای نزیکەی ١٠ ساڵ لە کردنەوەی نووسینگەیەکی ئەمنیی تایبەت لە زیندانی ورمێ کە لە کۆنترۆڵی ئیدارەی ئیتلاعاتدا بوو، ئێستا دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران بەرپرسایەتیی ئەم نووسینگەیەی گرتۆتە ئەستۆ و لە چوارچێوەی سیاسەتە تازەکانی ئەم دەزگا ئەمنی-سەربازییەدا، ئەم زیندانییانە گواستراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران.

ڕۆژی دووشەممە ٤ی گەڵاڕێزان، هاوکات ٥ زیندانیی سیاسی-مەزهەبی به‌ناوه‌كانی مه‌حیه‌دین ئیبراهیمی، مه‌حیه‌دین تازه‌وارد، داوود جه‌باری، ئیبراهیم خه‌لیل سدیق هه‌مه‌دانی و سالار خەلیل سدیق هه‌مه‌دانی و سێ زیندانیی غه‌یره‌سیاسی به‌ناوه‌كانی فه‌رزین قادری، ئه‌میر محه‌ممه‌دی و كه‌مال خاكزاد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە زیندانی ورمێوە گواستراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لەم شارەدا.
مەحیەدین ئیبراهیمی ٤٠ ساڵان، خێزاندار و خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ١٢ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٦دا لە گوندێکی شاری شنۆ بە تەقەی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپا بریندار و دەستبەسەر کرا و پاشان گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێ و بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» کەوتە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدانی قورسەوە.

دادگای ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٧دا لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو و بەبێ پارێزەری دیاریکراوی خۆی بەڕێوە چوو و ڕۆژی یەکی ڕەزبەر لە زینداندا بە ڕەسمی پێی ڕاگەیەنرا کە بە تۆمەتی «بەغی» حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەر چووە. ئەم حوکمە دوای تانەلێدان نێردرایە بەردەم لقی ١٩ی دیوانی باڵای ئێران و لەبەر «ناتەواویی لێکۆڵینەوەکان» حوکمەکە هەڵوەشێنرایەوە و سەرلەنوێ نێردرایەوە بۆ لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ. ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ دووهەم جار لە بەفرانباری ١٣٩٨دا لە لایەن ئەم دادگایەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپایەوە.