زیندانیی سیاسیی کورد هووشمەند عەلیپوور دوای ١٥ ڕۆژ لە زیندانی ناوەندیی سنە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزانەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەیدا بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی یان مورەخەسی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، مانی لە خواردن گرتبوو.

تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ١٠ی سەرماوەز، ئەم زیندانییە سیاسییە لەسەر داوای بنەماڵە و هاوبەندییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە. ناوبراو کە لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا بە دەستووری بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو، دوابەدوای کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەی گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو بەند.

بەپێی نامەیەکی لقی چواری ئیجرای ئەحکامی کەیفەریی سنە کە حەفتەی ڕابردوو لە زیندانی سنە بەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەنراوە، داواکارییەکەی بۆ پێدانی پشووی کاتی (مورەخەسی) بە هۆکاری نادیار لە لایەن دادگاوە ڕەت کراوەتەوە. پێشتریش کە برا کۆڵبەرەکەی بە ناوی ژیان عەلیپوور لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەردا بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت گیانی لەدەست دابوو، داواکاریی گشتیی سنە داواکارییەکەیی بۆ پێدانی پشووی کاتی بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی برا کوژراوەکەیدا ڕەت کردبۆوە.

هووشمەند عەلیپوور، چالاکی سیاسیی خەڵکی سەردەشت، لە ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٧دا لەگەڵ محەممەد وەستاقادر، چالاکی سیاسیی خەڵکی سەقز، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە نزیک شاری سەقز دەستبەسەر کران و دواتر گواسترانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ئەم دوو کەسە دوای ١٠٨ ڕۆژ لێپرسینەوە سەرەتا بۆ زیندانی سەقز و دواجار لە بەفرانباری ١٣٩٧دا بۆ زیندانی ناوەندیی سنە گواسترانەوە.

دادگای ئەم دوو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە پارتی ئازادیی کوردستاندا (پاک) لە ڕێکەوتی ١ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بەڕێوە چوو. لە بەفرانباری هەمان ساڵدا دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان بۆ هووشمەند عەلیپوور و ٥ ساڵ بەندکران بۆ محەممەد وەستاقادر، لە زینداندا بەم دوو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەنرا.

ئەم حوکمە دوای تانەلێدان لە خەرمانانی ساڵی ١٣٩٩دا لە دیوانی باڵای ئێران هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٢ی دادگای شۆڕشی سنە. دادگای دووبارەی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٩٩ لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی سنە بەڕێوە چوو و ئەم جارە حوکمی ٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.