شاکر باغی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی تورکیا کە لە زیندانی کاشمەری پارێزگای خوراسانی ڕەزەوەی بەند کراوە، لە چواردەهەمین ساڵی بەندکردندا بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی مۆڵەتی پشووی دەرمانیی پێ درا و لە زیندان هاتە دەرەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی شەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ دوای ڕەزامەندیی لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە، ئەم زیندانییە سیاسییە بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی مۆڵەتی پشووی دەرمانیی پێ دراوە و لە زیندان هاتۆتە دەرەوە.

ناوبراو لە چەند ساڵی ڕابردوودا و سەرەڕای بۆچوونی چەندین دەروونپزیشک سەبارەت بە بێتوانایی بۆ مانەوە لە زینداندا، لەبەر ناڕازیبوونی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە مۆڵەتی چوونەپشووی پێ نەدرابوو.

شاکر باغی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تورکیا، ٢٠ی ڕەشەمەی ١٣٨٦ لە جادەی سنە-مەریوان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە چەک لە سەریان دابوو کە ببووە هۆی لەسەرخۆچوونی و هەر بەو حاڵەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەیان کردبوو.

ناوبراو دوای چەند مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسدارانی شارەکانی سنە و کرماشان، لە لقی یەکەمی داداگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر حەسەن بابایی بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک)» حوکمی ٣٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی کاشمەری پارێزگای خوراسانی ڕەزەوەیی بەسەردا سەپا.

دوای تانەدانی پارێزەرەکەی لەم حوکمە، داواکاری گشتیی سنەیش تانەی لە حوکمەکە دا و داوای قورسترین سزای بۆ کرد. دواجار ئەم حوکمە لە لقی ٤ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستان وەک خۆی پەسەند کرایەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە کۆتایی گەلاوێژی ١٣٨٨دا لە زیندانی ناوەندیی سنەوە دوور خرایەوە بۆ زیندانی کاشمەر.