تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی کەمال عەباسیوەند و سەعدی ئەحمەدپووری دەستبەسەر کراون و بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی زیندانی بۆکان کراون.

کەمال عەباسیوەند لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژ و سەعدی ئەحمەدپووری لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کران.

ئەم دوو هاووڵاتییە پاشان گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ و دوای زیاتر لە مانگێک لێپرسینەوە لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

مانگی ڕابردوو کەمال عەباسیوەند لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە تۆمەتی «چالاکیی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» حوکمی ٦ مانگ بەندکران و سەعدی ئەحمەدپوورییش هەر بەم تۆمەتە حوکمی ساڵێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. ئەم حوکمانە ماوەیەک لەمەوبەر وەک خۆی لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا پەسەند کران.