هووشمەند عەلیپوور، زیندانیی سیاسیی کورد کە سزای ٨ ساڵ بەندکرانەکەی لە زیندانی ناوەندیی سنە تێدەپەڕێنێت، لە ڕۆژی شەممە ٣ی پووشپەڕەوە (٢٤ی ژوەن) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بێبەشکردندا لە مافی ئازادیی مەرجدار، مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە کە ٥ ساڵ لە حوکمە ٨ ساڵەکەی تێپەڕاندووە، بە هۆی ناڕەزامەندیی دامودەزگا ئەمنییەکانەوە لە مافی ئازادیی مەرجدار بێبەش کراوە و لە ڕۆژی شەممە ٣ی پووشپەڕەوە (٢٤ی ژوەن) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ئاست ئەم بێبەشکردنەدا مانی لە خواردن گرتووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتر و لە سەرماوەزی ١٤٠٠دا (نۆڤامبری ٢٠٢١) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەیدا بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی یان مورەخەسی، بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.

لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠دا (١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١) ژیان عەلیپوور کە کۆڵبەر و برای ئەم زیندانییە سیاسییە بوو، بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت گیانی لەدەست دا، بەڵام داواکاری گشتیی سنە داواکاریی ئەم زیندانییە سیاسییەی بۆ پێدانی پشووی کاتی بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی برا کوژراوەکەیدا، ڕەت کردەوە.

هووشمەند عەلیپوور، چالاکی سیاسیی خەڵکی سەردەشت، لە ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٧دا (٣ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لەگەڵ محەممەد وەستاقادر، چالاکی سیاسیی خەڵکی سەقز، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە نزیک شاری سەقز دەستبەسەر کران و دواتر گواسترانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ئەم دوو کەسە دوای ١٠٨ ڕۆژ لێپرسینەوە سەرەتا بۆ زیندانی سەقز و دواجار لە بەفرانباری ١٣٩٧دا (دێسامبری ٢٠١٨) بۆ زیندانی ناوەندیی سنە گواسترانەوە.

دادگای ئەم دوو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە پارتی ئازادیی کوردستاندا (پاک) ڕۆژی ١ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بەڕێوە چوو. لە بەفرانباری هەمان ساڵدا (دێسامبری ٢٠١٩) سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر هووشمەند عەلیپوور و ٥ ساڵ بەندکران بەسەر محەممەد وەستاقادردا، لە زیندانی سنە بەم دوو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەنرا.

ئەم حوکمە دوای تانەلێدان لە خەرمانانی ساڵی ١٣٩٩دا (سێپتامبری ٢٠٢٠) لە دیوانی باڵای ئێران هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە. دادگای دووبارەی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٩٩ (٢٠ی سێپتامبری ٢٠٢٠) لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی سنە بەڕێوە چوو و ئەم جارە حوکمی ٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.