ئومید سەعیدی، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە زیندانی شاری خۆی خەریکی تێپەڕاندنی حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانە، وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست ڕەتکردنەوەی داوای پشووی کاتی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی پووشپەڕ (٤ی جولای) ئەم زیندانییە سیاسییە نامەی مانگرتنەکەی ڕادەستی بەرپرسانی زیندانی خۆی کردووە و لە نامەکەدا ڕایگەیاندووە کە ٤ مانگ پێش لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی خۆی و تا ئێستا چەندین جار شۆرای پۆلێنبەندیی زیندان ڕەزامەندیی لەسەر داوای پێدانی پشووی کاتی بەم زیندانییە سیاسییە داوە، بەڵام سەرەڕای دانانی بارمتەی یەک میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی، بە هۆی ڕێگریکردنی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە لە مافی بەهرەمەندبوون لە مۆڵەتی پشووی کاتی بێبەش کراوە.

ئومید سەعیدی، هاووڵاتیی خەڵکی خۆی، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، کەیوان ڕەشۆزادە، نایب حاجیزادە و عەبدولعەزیز محەممەدپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ. دادگای ئەم هاووڵاتییانە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە کۆمەڵەدا، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. ئومید سەعیدی تانەی لە حوکمەکە دا بەڵام لە دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە، حوکمی ئەو ٣ هاووڵاتییەکەی تریش دوای پێشکەشکردنی داوای قبووڵکردنی بڕیار و بەپێی یاسا گۆڕدرا بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران.