دەوترێت محەممەد خودکام، بەندکراوی خەڵکی بۆکان کە لە ڕۆژی ٢ی بەفرانبارەوە (٢٣ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە قەرەنتینەی زیندانی ئەم شارەدا مانی لە خواردن گرتووە، لە دۆخێکی جەستەیی خراپ و ناجێگیردایە. ئەم بەندکراوە ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بەفرانبار (٢٤ی دیسامبەر) بە دەستووری بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی قەرەنتینەی زیندان کراوە و تا ئێستە لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.

ئەم بەندکراوە کە لە کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوودا لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای ١٧ ساڵ بەندکران و ١٨٠ میلیۆن تمەن سزای پارەی بەسەردا سەپاوە، وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دەرکردنی ئەم حوکمەدا لە ڕۆژی ٢ی بەفرانبارەوە (٢٣ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە زیندانی بۆکان مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، محەممەد خودکام لە ماوەی ١٣ ڕۆژ مانگرتندا تووشی دابەزینی زەخت و کێش بووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان و دادگای بۆکان تا ئێستا هیچ ئاوڕێکیان لە داواکارییەکانی بۆ بەڕێوەبردنی دادگایەکی دادپەروەرانە نەداوەتەوە.

محەممەد خودکام، بەندکراوی خەڵکی بۆکان، ١٩ی جۆزەردانی ئەمساڵ (٣١ی مەیی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهیی ئەم شارەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندان.

ئەم زیندانییە لە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزدا (٩ی دیسامبەر) لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای ١٧ ساڵ بەندکران و ١٨٠ میلیۆن تمەن سزای پارەی بەسەردا سەپا.

دەوترێت هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی لە کۆڵانی ماڵەکەی ئەم هاووڵاتییەدا لە بۆکان بەستەیەک مادەی هۆشبەریان دۆزیوەتەوە و ئەویان وەک خاوەنی مادەکە دەستبەسەر کردووە. ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە هەرهەموو دەنگۆکانی هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهیی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام دادگا بەبێ سەرنجدان بە بەرگرییەکانی ئەم هاووڵاتییە ئاوا سزایەکی قورسی بە سەریدا سەپاندووە.

ئەم بەندکراوە لە ڕۆژی ٢ی بەفرانبارەوە (٢٣ی دیسامبەری ٢٠٢٣) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دەرکردنی ئەم حوکمەدا مانی لە خواردن گرتووە و ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بەفرانبار (٢٤ی دیسامبەر) بە دەستووری بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.