ڕۆژی ڕابردوو ١٧ی بەفرانبار (٧ی ژانڤییە) محەممەد خودکام لە شازدەهەم ڕۆژی مانگرتن لە خواردندا بە هۆی دابەزینی زەختەوە لەسەر خۆ چووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەکەی زیندانی بۆکان کراوە، دەوترێت دۆخی جەستەیی ئەم بەندکراوە بە هۆی دابەزینی بەرچاوی کێشەوە ناجێگیرە و بووەتە مایەی نیگەرانیی پزیشکەکان.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە لە ڕۆژی ٢ی بەفرانبارەوە (٢٣ی دیسامبەری ٢٠٢٣) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دەرکردنی سزای قورسی بەندکران و سزای پارەدا مانی لە خواردن گرتووە و لە ڕۆژی ٣ی بەفرانبارەوە (٢٤ی دیسامبەر) بە دەستووری بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی قەرەنتینەی زیندان کراوە و تا ئێستە لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.

محەممەد خودکام کە ڕۆژی ١٩ی جۆزەردانی ئەمساڵ (٣١ی مەیی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهیی ئەم شارەوە دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی ١٨ی سەرماوەز (٩ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای ١٧ ساڵ بەندکران و ١٨٠ میلیۆن تمەن سزای پارەی بەسەردا سەپا.

دەوترێت هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی لە کۆڵانی ماڵەکەی ئەم هاووڵاتییەدا لە بۆکان بەستەیەک مادەی هۆشبەریان دۆزیوەتەوە و ئەویان وەک خاوەنی مادەکە دەستبەسەر کردووە. ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە هەرهەموو دەنگۆکانی هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهیی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام دادگا بەبێ سەرنجدان بە بەرگرییەکانی ئەم هاووڵاتییە ئاوا سزایەکی قورسی بە سەریدا سەپاندووە و بەرپرسانی پێوەندیدار ئامادە نین داواکارییەکەی بۆ بەڕێوەبردنی دادگایەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکەن.