بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی سەرماوەز (٦ی دێسامبر) سێ منداڵی ١٦ ساڵان بە ناوەکانی زانیار ئەسەدی، سۆرن ئەسعەدی و ماردین قادری بە دەستی هێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی کامێران و پاوە ڕفێنراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان لە شەقامێکی کامێراندا زانیار ئەسەدییان ڕفاندووە و هاوکات هێزەکانی ئیدارەی ئەماکنیش هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان.

سەرچاوەیەکی تر لە پاوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «دوانیوەڕۆی سێشەممە هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران دوو منداڵی قوتابیی ١٦ ساڵانیان بە ناوەکانی سۆرن ئەسعەدی و ماردین قادری ڕفاندووە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، پێشتر و لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانیش (٢١ی سێپتامبر) لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی پاوەدا ئەم دوو منداڵە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و دوای چەند کاتژمێر ئازاد کرابوون.