لە درێژەی گوشارەکان و سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر بنەماڵەی دادخوازاندا، حەسەن ئەمینی، برای محەممەد ئەمینی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، لە لایەن دادگای کەیفەریی بۆکانەوە سزای ٦ مانگ و نیو بەندکران و ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٤ی پووشپەڕ (٥ی جولای) لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکان بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» سزای ٦ مانگ و نیو بەندکران و ٤٠ قامچیی بەسەر ئەم هاووڵاتییەدا سەپاندووە. 

لە ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەرداندا (٩ی ژوەن) ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی شارەکانی دێولان، دیواندەرە و سنە کە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی یادی گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شارەکانی سەقز و بۆکاندا کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەدا لە دەروازەی شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. محەممەد ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکراندا کەوتە بەر پەلامار و لێدانی قورسی هێزە ئەمنییەکانەوە، بە شێوەیەک کە هەردوو گوێچکەکەی و دەفەی سینگی زەبری جیدیی بەر کەوتووە.

حەسەن ئەمینی لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەرداندا (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا. ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا دەرکردنی حوکمەکە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر بێبەش کرابوو.

محەممەد ئەمینی، ٣٣ ساڵان، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ (١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣) لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەروییەکانی سنە و لە گەڕەکی کارئامووزی بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان کوژرا.

پێشتریش و لە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕدا هاشم ساعیدی، باوکی سارینا ساعیدی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، لە لایەن دادگای کەیفەریی بۆکانەوە سزای ٦ مانگ و نیو بەندکران و ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپابوو.