رۆژی ڕابردوو پێنج چالاکی کوردی دانیشتووی شاری مەریوان و گۆندەکانی دەوروبەری لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیاریان بردوون.

سەرچاوەیێکی ئاگادار لە مەریوان بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی وت: رۆژی ڕابردوو، ڕێکەوتی ۲۳ی پووشپەڕ ستادی هەواڵنێری ئیدارەی ئیتلاعات چوار چالاکی مەدەنی کوردی بە تەلەفوون بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت کردبوون.
ئەو کەسانە بریتین لە: عەلی رەزایی و ئومید ساڵحی خەڵکی گوندی “گوێزە کوێرە”، “فاتح هوشمەند” خەڵکی گوندی “یەنگیجە” و گۆران قوربانی دانیشتووی مەریوان. هەر چوار کەس پاش ئەوەی بە ستادی هەواڵنێری ئیتلاعات گەیشتبوون بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوونەتەوە.

هەروەها هێزە ئەمنییەکانی ئێران هیرشیان کردۆتە سەر دوکانی “یادگار دڵجور” لە شەقامی شەوڕەنگی مەریوان و دەستبەسەریان کردووە.

لە ناو ئەو چالاکە دەستبەسەر کراوانەدا، گۆران قوربانی و فاتح هوشمەند ئەندامی کۆمەڵەی چیای کەسکی مەریوانن.

تاکوو ئێستا لە هۆی دەستبەسەری و شوێنی راگرتنیان هیچ زانیاریێک لە بەردەست نییە.