تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان – بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵدەری ئیلنای ئێرانی، “ئەسکەندەر لوتفی”، چالاکوانی بواری مافەکانی مامۆستایانی مەریوان و یەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ڕێکخستنی رێکخراوی مامۆستایانی ئێران لەلایەن لقی ١٠٤ی دادگای سزادانی سنەوە بە تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی بانگەشەی نەڕاست” بە ٢ ساڵ بەندکران سزادراوە. ئەو سزایە ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندان / ٠٢.٠٦ بە “ساڵح نیکبەخت”، پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە.

ساڵح نیکبەخت، پارێزەری ئەو چالاکوانە لە لێدوانێکدا بۆ ئیلنا ئاشکرای کردووە کە ئەسکەندەر لوتفی نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا دوابەدوای مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ئێران لە مەریوان بانگ کراوە و پاشان دۆسییەکی بە تۆمەتی “بانگەشە لەدژی کۆماری ئیسلامی” لە دادگای شۆڕشی سنە و دۆسییەکەی دیکەی لە دادگای سزادانی سنە بە تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی بانگەشەی نەڕاست” لەدژی تۆمارکراوە.

مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ڕۆژەکانی ٢٢ و ٢٣ی مانگەکانی خەزەڵوەر و ڕەزبەری ساڵی پار / ١٤ و ١٥ی مانگەکانی ١٠ و ققی ٢٠١٨، لەسەر بانگەوازیی ئەنجومەنی ڕێکخستنی رێکخراوی مامۆستایانی ئێران بەڕێوەچووبوو و مامۆستایان لەو ڕۆژانەدا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە دۆخی مامۆستایان و سیستمی پەروەردە مانیان لە کارکردن گرتبوو.

ئەسکەندەر لوتفی دوابەدوای دووەمین مانگرتن لە ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەری ساڵی پاردا /  ٢٠١٨.١١.١٦ لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنەوە بانگ کرابوو  بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەنجامدرابوو.

ساڵح نیکبەخت لە بەردەوامیی لێدوانەکەیدا وتوویەتی: “تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بانگەشەی نەڕاستیان لەکاتێکدا خستووەتە پاڵ ئەسکەندەر لوتفی کە هیچ سکاڵاکارێکی تایبەت بۆ ئەو دۆسییەیە لە گۆڕێدا نیە”.

ئەو پارێزەرە هەروەها ڕایگەیاندووە: “دۆسییەی یەکەم بە تۆمەتی بانگەشە لەدژی کۆماری ئیسلامی بۆ دادگای شۆڕشی سنە و دۆسییەی دووەم بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بانگەشەی نەڕاست بۆ دادگای سزادانی سنە بەڕێکران. بریگرتەکەم لە دۆسییەی یەکەمدا لە تۆمەتەکەی بێبەری کرا، بەڵام بۆ دۆسییەی دووەم لە لایەن لقی ١٠٤ی دادگای سزادانی سنەوە بە دوو ساڵ بەندکردن سزادراوە. ئەو سزای ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندان / ٠٢.٠٦ بە فەرمی بە من ڕاگەیەندرا”.

ساڵح نیکبەخت لە کۆتایی قسەکانیدا زیادیکردووە کە داواکارییەکیان بۆ پێداچوونەوە بۆسەر سزاکە ئاراستەی دادگای پێداچوونەوە کردووە و هیوادارە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان بریگرتکەیە لەو تۆمەتەش بێبەری بکات.