سەرەڕای ئەوەی کە بەپێی بڕیارنامەی تازەی دەزگای داد، ئەو بەندکراوانەی تۆمەتی “هەوڵدانی دژی ئاسایشی نەتەوەیی”یان خراوەتە پاڵ و کەمتر لە ٥ ساڵیان سزا بەسەردا سەپێندراوە مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەیان دەدرێتێ، ٥ چالاکوانی کرێکاریی بەندکراو لە بەندیخانەکانی سنە و بۆکان بەناوەکانی “ئیسحاق ڕوحی“، “تەوفیق مەحمودی”، “زانیار دەباغیان”، “خەبات دێهدار” و “هادی تەنومەند” تاوەکو ئێستا ئەو مۆڵەتەیان نەدراوەتێ.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە چەند لێدوانێکدا لەگەڵ بنەماڵەی ئەو بەندکراوانە زنیویەتی کە بەرپرسانی بەندیخانەکانی بۆکان و سنە تاوەکو ئێستا وەڵامی داوکاریی ئەو بەندکراوانەی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانە نەداوەتەوە.

پێنەدانی مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانە بۆ ئەو بەندکراوانە لە کاتێکدایە کە ئەگەری تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخانەکانی ئێراندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبێت.

لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەریدەخات کە تاوەکو ئێستا هیچ بەندکراوێکی سیاسیی کورد، لەناویاندا بەندکراوانی نەخۆشیش، مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەیان نەدراوەتێ.

هادی تەنومەند، چالاکوانی کرێکاری و یەک لە ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی رێکخراوی کرێکارییەکان ڕۆژی ١٩ی ڕێبەندان / ٠٢.٠٨، بە ٣ ساڵ و نیو سزاوە لە بەندیخانی شاری بۆکان بەندکرا. ناوبراو لە مانگی جۆزەردانی ١٣٩١دا / ٢٠١٢.٠٦، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٢دا / ٢٠١٤.٠١ لەلایەن دادگای شۆڕشی مهابادەوە بە ٣ ساڵ و نیو بەندکران سزدرا.

ئیسحاق رۆحی مانگی گوڵانی ئەمساڵ / ٢٠١٩.٠٥ کاتێک بە نیاز بوو وێڕای خێزانەکەی لە رێوڕەسمی یەکی ئەیار رۆژی جیهانی کرێکاراندا بەشداری بکات، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرابوو. ناوبرا رۆژی ٢٩ی گەلاوێژ/ ٢٠١٩.٠٨.٢٠ بۆ دادگا بانگ کرا و سزای ساڵێک زیندانی پێڕاگەیەندرا، ئەو سزایە لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچووەونەی ئەو شارە پشتراستکرایەوە. ڕۆژی ١٣ی ڕێبەندان / ٠٢.٠٢، دەستبەسەرکرا و لە بەندیخانەی سنەدا بەندکرا.

تۆفیق مەحمودی، چالاکوانی کرێکاری  ڕۆژی ١٨ی ڕەشەمە ١٣٩٧ / ٢٠١٩.٠٣.٠٩، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و پاش ٤٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی سنە ئازادکرا. لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا / ٢٠١٩.٠٥ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی حیزبە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی” بە ساڵێک بەندکران سزادرا. لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا / ٢٠١٩.١٢، بانگ کرا بۆ لقی چواری جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای سزادانی سنە و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

زانیار دەباغیان، چالاکوانی کرێکاری ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٧ / ٢٠١٨.١٠.٠٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و پاش ٦٧ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازادکرا. لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٧دا / ٢٠١٩.٠٢، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕسی سنەوە بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” لە ڕێگەی بانگەشەی دژی کۆماری ئیسلامی بە ساڵێک بەندکران سزادرا. ئەو چالاکوانە کرێکارییە ڕۆژی ١٥ی گوڵانی ئەمساڵ / بە ساڵێک سزاوە لە بەندیخانە سنەدا بەندکرا.

سەبارەت بە خەبات دێهدار پێویستە بگوترێت کە پاش ٨ ساڵ ئەندامبوون لە حیزبی کۆمەڵەدا و وەرگرتنی ئەماننامە لە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ساڵی ١٣٨٩دا / ٢٠١٠ گەڕایەوە ئێڕان. لە مانگی ڕەشمەە ١٣٨٩دا / ٢٠١١.٠٣ لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی “ئەندامێتیی کۆمەڵە” بە ٥ ساڵ بدنکران هەڵپەسێردراو سزادرا. لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا / ٢٠١٦.٠٣.٠١ لەکاتێکدا دوایین رۆژی سزا هەڵپەسێردراوەکەی تێپەڕدەکرد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لێکۆڵینەوە لەگەڵدا ئەنجامدرا.

پاش ماوەیەک لە دۆسییەکی جیادا بەتۆمەتی “بانگەشە لەدژی کۆماری ئیسلامی” بە سێ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکران سزادرا و سزا هەڵپەسێردراوەکەشی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

خەبات دێهدار لە مانگی گوڵانی ١٣٩٥ەوە / ٢٠١٦.٠٥ بۆ ئێستدا لە بەندیخانەی سنەدا بەندکراوە و تاوەکو ئێستا مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی نەدراوەتێ.