سێ چالاکی کرێکاریی کورد بە ناوەکانی عەبدوڵڵا خێرئابادی، ئێقباڵ پیشکاری و ئێقباڵ شەعبانی لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە گشتی سزای ٥١ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم سێ چالاکە کرێکارییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەدا لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە ڕێوە چووە و ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی پووشپەڕ (١٩ی جولای) حوکمەکەیان پێ ڕاگەیەنراوە.

بەپێی ئەو حوکمە، عەبدوڵڵا خێرئابادی، ئێقباڵ پیشکاری و ئێقباڵ شەعبانی بە ڕیز سزای ٩ مانگ، یەک ساڵ و ٣٠ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بەسەردا سەپاوە. سزاکەی عەبدوڵڵا خێرئابادی و ئێقباڵ پیشکارییش بۆ ماوەی ٢ ساڵ و ٢ ساڵ و نیو هەڵپەسێردراوە.

عەبدوڵڵا خێرئابادی و ئێقباڵ پیشکاری لەگەڵ شەش چالاکی کرێکاریی کوردی دیکەدا بە ناوەکانی هاجەر سەعیدی، شادمان عەبدی، کەمال کەریمی، خەبات مەحمەەدی، حەیبەڵڵا کەریمی و سیروان مەحموودی لە ڕێکەوتی ٢٧ی گوڵاندا (١٧ی مەی) دوای دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵەی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

ئێقباڵ شەعبانییش ڕۆژی ٢٩ی گوڵان (١٩ی مەی) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.

ئێقباڵ شەعبانی، عەبدوڵڵا خێرئابادی و ئێقباڵ پیشکاری بە ڕیز لە ڕۆژانی ١٠، ١٦ و ٢٤ی جۆزەرداندا (٣١ی مەی، ٦ و ١٤ی ژوەن) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کران.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا سێ چالاکی کرێکاریی دیکەیش بە ناوەکانی شادمان عەبدی، کەمال کەریمی و خەبات مەحموودی لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە گشتی سزای ٥ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوان بەسەردا سەپاوە.