سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی گەڵاڕێزان (٣٠ی ئۆکتۆبەر) ژمارەیەک لە خانەنشینانی کۆمپانیای پێوەندییەکان (موخابەرات/ تەلەفۆن) وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر دۆخی داهات و بژێوی خۆیاندا، لە بەردەم بینای ئەم کۆمپانیایە لە شاری کرماشان گرد بوونەوە و داوای جێبەجێکردنی داخوازییەکانیان کرد. ئەم گردبوونەوەیە هاوکات لەگەڵ گردبوونەوەی خانەنشینانی پێوەندییەکان لە شارەکانی تری ئێراندا بەڕێوە چوو.

جێبەجێکردنی تەواوی ڕێسانامەی فەرمانبەران و دامەزراندنی ساڵی ١٣٨٩ (٢٠٠٩)، چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی بیمەی تەندروستی، بەدواداچوون بۆ دۆخی خراپی داهات و داواکارییە پیشەییەکان، لە ڕیزی داخوازییەکانی خانەنشینانی ناڕازیدایە.

هاوکات سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی خاوەن پێداویستیی تایبەتیش لە بەردەم بینای ئیدارەی «بێهزیستی»ی شاری کرماشاندا گردبوونەوەی ناڕەزاییانەیان بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی کەمئەندامان، «ژمارەیەک لە کەمئەندامان لە حەوتەمین گردبوونەوەی سەرانسەریی خۆیاندا بۆ ڕاگەیاندنی ناڕەزایی لە جێبەجێنەکردنی مادەی ٢٧ی یاسای کەمئەندامان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە بەردەم بینای ئیدارەی «بێهزیستی»ی شاری کرماشاندا گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییانەیان بەڕێوە برد».

مادەی ٢٧ی ئەم یاسایە حکومەت پابەند دەکات بەوەی کە «دەرماڵەی کەسانێک کە کەمئەندامیی زۆر قورس یان قورسیان هەیە و هیچ کار و داهاتێکیان نییە، بە ڕێژەی لانیکەمی مووچەی ساڵانە دیاری بکات و بۆ ئەم مەبەستە لە یاساکانی بوودجەی ساڵانەدا پارەی پێویستی بۆ تەرخان بکات»، بەڵام ئەم یاسایە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.