ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی گەڵاڕێزان (١٣ی نۆڤامبەر) عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی کوردی خەڵکی سەقز، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٦ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم چالاکە کرێکارییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن لقی دووهەمی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەقزەوە بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکران بانگهێشت کرابوو.

ئەم چالاکە کرێکارییە لە خەرمانانی ئەمساڵدا (سێپتامبەر) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد موستەفایی بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵە-ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، سزای ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» لە ڕێگای بەشداریکردنەوە لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ژینا ئەمینیدا، سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە کرێکارییە ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ (١٨ی ژوەنی ٢٠٢٣) بەڕێوە چووبوو و ڕۆژی ٢٠ی خەرمانان (١١ی سێپتامبەر) حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنرابوو. عوسمان ئیسماعیلی دوای ڕاگەیاندنی حوکمەکە بە بڵاوکردنەوەی بەشێک لە دادنامەکە لە لاپەڕەی فەیسبوکەکەی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە سزاکە گۆڕدراوە بۆ ١٦ مانگ بەندکران: «دادگا بە سەرنجدان بە هەبوونی هۆکارەکانی دابەزاندنی سزاکان لە مادەی ٣٨ی یاسای سزادانی ئیسلامیدا پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢، لەوانە بارودۆخی تەمەنی ئاغای ئیسماعیلی و خێزانداربوون، بە گەڕانەوە بۆ ئەو مادەیە و هەروەها بۆ مادەی ٦ی یاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکران پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٩، پەیوەست بە مادەی ٣٧ی یاسای سزادانی ئیسلامییەوە پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢، گەورەترین سزای بەندکرانی ناوبراو کەم دەکاتەوە بۆ ١٦ مانگ بەندکران بە حسێبکردنی ماوەی دەستبەسەربوونەکەیەوە».

ئەو حوکمە لە سەرەتای گەڵاڕێزاندا (کۆتایی ئۆکتۆبەر) لە دیوانی باڵای ئێرانیشدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و پێی ڕاگەیەنرا کە دەبێ لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لە کاتی تۆمارکردنی بانگهێشتنامەکەوە لە سیستەمی ئەلەکترۆنیی دەزگای دادوەریدا، بۆ جێبەجێکردنی سزاکە خۆی ڕادەستی بەشی ئیجرای ئەحکامی دادگای سەقز بکات.

عوسمان ئیسماعیلی لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا (٨ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ئەم چالاکە کرێکارییە دوای ٧٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

عوسمان ئیسماعیلی لە ناسراوترین چالاکانی کرێکاریی کوردستانە کە چەندین جار بە هۆی پشتیوانکردنەوە لە مافەکانی کرێکاران و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە سەقزدا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە.