ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی سەرماوەز (٣ی دێسامبەر) یەکەمین «خەڵاتی ساڵانەی جەمال نەبەز» لە ڕێوڕەسمێکدا لە بینای شارەوانیی شۆینبێرگی بەرلین پێشکەشی زارا محەممەدی، زیندانیی سیاسیی پێشوو، مامۆستای زمانی کوردی و لە بەرپرسانی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی «نۆژین» کرا.

لەم ڕێوڕەسمەدا کە بە بەشداریی ژمارەیەک لە کوردانی دانیشتووی ئەڵمانیا و هاوڕێیانی نێونەتەوەیی کوردان بەڕێوە چوو، کانی محەممەدی، خوشکی زارا محەممەدی، بە نوێنەرایەتیی لە خوشکەکەیەوە خەڵاتەکەی لە دەستی خوناو حاجۆ، ئەندامی دەستەی داوەریی «خەڵاتی ساڵانەی جەمال نەبەز»، وەرگرت.

ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی ئەم خەڵاتە بە دەسپێشخەریی «دەزگای جەمال نەبەز» لە بەرلین بەڕێوە چوو. ئەم ناوەندە ساڵی ٢٠١٩، ساڵێک دوای کۆچی دوایی جەمال نەبەز، نووسەر، زمانناس، وەرگێڕ، مێژوونووس و لە پێشەنگانی بواری توێژینەوەی کوردی، لە لایەن کەسانی نزیکیەوە لە پێتەختی ئەڵمانیا دامەزرا و ئەمساڵ زارا محەممەدیی وەکوو یەکەم براوەی خەڵاتە ساڵانەکەی خۆی دەستنیشان کرد.

لە بەیاننامەی دەستەی داوەرانی خەڵاتی جەمال نەبەزدا وێڕای ئاماژەدان بە چالاکیی خۆبەخشانەی زارا محەممەدی بۆ فێرکردن و برەودان بە زمان و شوناسی کوردی، ڕێز لە هەوڵ و تێکۆشانەکانی لەم بەستێنەدا گیراوە کە سەرەڕای هەموو ئازار و سزادانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بووە هۆی دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنیشی، بەڵام شێلگیرانە درێژەی بە هەوڵەکانی داوە. 

زارا محەممەدی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە پێشتر تۆمار کرابوو و لە ڕێوڕەسمەکەدا بڵاو کرایەوە، وتی کە لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە وەکوو یەک لە «گرنگترین بابەتەکانی پرسی کورد» لە زمان بڕوانێت. هەروەها وتی ئاوڕدانەوەیەک لە مێژوو ئەوەمان نیشان دەدات کە بزووتنەوەی کوردستان هەمیشە زمانی وەک لایەنێکی گرنگی خۆی پێناسە کردووە. هاوکات ئەوەشی زیاد کرد کە سیستەمە سەردەستەکان هەمیشە زمانیان وەک کەرەستەی سەرکوت بە کار هێناوە.

زارا محەممەدی کە ساڵی ٢٠٢٢یش وەکوو یەک لە «١٠٠ ژنی بی‌بی‌سی» هەڵبژێردرا، ڕۆژی ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٨ (٢٣ی مەیی ٢٠١٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٦ مانگ بە هۆی چالاکییە مەدەنی و ئەدەبی-فەرهەنگییەکانیەوە خرایە ژێر لێپرسینەوە و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ ڕووبەڕووی زەخت و گوشار کرایەوە.

زارا لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٨دا (١٦ی فێبرییەی ٢٠٢٠) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» دادگایی کرا و سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ئەم حوکمە لە دادگای پیاچوونەوەدا کەم کرایەوە بۆ ٥ ساڵ بەندکران.

ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٢) بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکە خۆی ڕادەستی زیندانی سنە کرد و ڕۆژی ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠١ (١٠ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە زیندان ئازاد کرا. زارا محەممەدی دوای ئازادبوون لە زیندان گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە لاپەڕەکەی خۆیدا بڵاو کردەوە و وتی: «نە خۆم و نە پارێزەرەکەم داوای هیچ جۆرە بەخشین و لێخۆشبوونێکمان نەکردووە و زۆر خێرا و بە زۆر لە زیندان دەر کرام. لێرەوە ڕایدەگەیەنم کە هیچکات داوای لێخۆشبوون ناکەم و تا دوایی لەسەر ڕێگاکەم دەوەستم.».