لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا “ئاڕاستە رەنجبەر” و “نازدار وەتەن خا” دوو ژنی مەحکووم بە ئیعدام لە زیندانی ناوەندی ورمێ لە لایەن دەفتەری بەڕێوەبردنی سزاکانی ئەو زیندانە بانگهێشت کراون و پێیان وتراوە کە بۆ وەرگرتنی ڕەزایەت لە کەس و کاری کوژراو تەنیا یەک مانگیان دەرفەت هەیە و ئەگەر بە هەر شێوەیێک سەرکەوتوو نەبن لە وەرگرتنی رەزایەت سزای سێداره‌ی هەر دوو گیراو لە ماوەی یەک مانگی داهاتوودا ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەو دوو زیندانییە لە یەک دۆسیەی هاوبەشدا بە تاوانی “کوشتن” بە سزای قەساس مەحکووم بوونە و ماوه‌ی چه‌ند ساڵه‌ كه‌ لە بەندی ژنانی شاری ورمێدا ڕاگیراون. هەوڵ و تێکۆشانی خەڵک بۆ وەرگرتنی ڕەزایەت لە بنەماڵەی کوژراو تاکوو ئێستا بێ ئاکام ماوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٦ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندی ورمێ و ژنانی مەحکووم بە ئێعدام بڵاو کردبووەوە. لەو ڕاپۆرتە ۷ ژنی زیندانی مەحکووم بە ئیعدام بە ناوەکانی ئاڕاستە رەنجبەر، نازدار وەتەن خا، تەهمینە دانش، فەریدە حەسەنپوور، شلێر خوسرەوی، زێنەب سکاوەند و سومەیە ئیبڕاهیم زادەی بڵاو کرابووەوە. لە نێو ئەو کەسانە “زێنەب سکاوەند لەکران” کە لە کاتی گرتنی کەمتر لە 18 ساڵی تەمەن بوو، مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بە تاوانی کوشتنی هاوژینەکەی لە سێدارە درا