سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “شەوی ڕابردوو پەنابەرێکی خەڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان لە یەک لە شارەکانی باشوری ئەستەنبۆلدا بە ‘پاساوی پیاوانەی بە بەرگریکردن لە ناموس’ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا”.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە باوەڕپێکراوە، ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لە ساڵێک پێش ئێستاوە لە ئێران چوونەتە دەرەوە و هانایان بۆ وڵاتی تورکیا بردووە.
دەگوترێت، ژنە کوژراوەکە تەمەنی ٢٦ ساڵ و پیاوەکەش تەمەنی ٣٦ ساڵ بووە.
هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، هاوسەری ئەو ژنە کوژراوە پاش “ئەنجامدانی تاوانەکە” خۆی ناساندووە بە پۆلیسی ئاسایشی تورکیا و دەستبەسەرکراوە. منداڵەکانی ئەو بنەماڵەیەش لە ئێستادا لەلایەن یەک لە ناوەندەکانی تایبەت بە ڕاگرتنی منداڵانی بێ دایک و باوک چاودێری دەکرێن.
بەپێی داوکاری بنەماڵەکانی ئەو پەنابەرانە، شوناسەکانیان لەلای تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پارێزراوە.
کوشتنی ژنان بە پاساوی بەرگریکردن لە شەرەف و ناموس لەلایەن پیاوانی بنەماڵەوە یەک لە هەرە تاوانە گشتگیرەکانی کۆمەڵگای کوردی و ئێرانییە. بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە زیاتر لە ٥ هەزار ژن لە سەرتاسەری جیهادان دەبنە قوربانیی ئەو جۆرە توندوتیژییە.