بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێران ڕاه‌پەیکەر، چالاکوانی ژنی خەڵکی مەریوان کە لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا دەستبەسەرکرابوو، هەوتووی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازادکرا. هەروەها ڕۆژی ڕابردوو پەروین ئەدوایی لە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنەوە گوازرایەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ئەو شارە. لەلایەکی دیکەوە زارا محەممەدی، چالاکوانی مەدەنی و ئەندامی ڕێکخراوی کلتوری-کۆمەڵایەتیی “نوژین” هەروا لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنەدا دەستبەسەرکراوە.

زارا محەممەدی ڕۆژی ٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ / 2019.04.23 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە لە ماڵی بنەماڵەکەیدا دەستبەسەرکرا و تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە چەندین جار بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ئەو شارە گوازراوەتەوە. بە گوتەی کەسوکاری ئەو چالاکوانە مەدەنییە، هێزە ئەمنییەکان زەختی زۆریان کردووەتە سەر بۆ ئەوەی دانپێدانانی زۆرەملیی لێوەربگرن.

ئێران ڕاه‌پەیکەر، چالاکوانی مەدەنی کە لە ڕۆژی ٢٤ی گوڵانی ئەمساڵدا / 2019.05.14 لە مەریوان دەستبەسەرکرابوو، هەوتووی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازادکرا. ئەو چالاکوانە مەدەنییە سەرەتای مانگی خەرمانان لە لقی یەک دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “سەعیدی” دادگاییکرا و بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستا” (پژاک) بە ٣ ساڵ زیندنان سزادرا. ناوبراو بەرامبەر بەو سزایە ناڕەزایی دەربڕی و لە ئێستادا دۆسییەکەی نێردراوە بۆ دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە.

هاوکات پەروین ئەدوایی، چالاکوانی ژن کە لە بەرواری ٥ی گەلاوژی ئەمساڵدا / 2019.07.27 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەریوان دەستبەسەرکرابوو، ڕۆژی ڕابردوو پاش ٢ مانگ لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنەوە گوازرایەوە بۆ ناوەندی چاکسازیی و پەروەردەی ئەو شارە.

پەروین ئەدوایی لە ساڵانی ڕابردوودا لە بواری مافی ژنان، منداڵان و ژینگەی لە شاری مەریواندا چالاکی کردووە. ناوبراو هەروەها بۆ بەدوواداچۆن بۆ دۆسییەی منداڵێک کە کە لە گوندی سلینی هەورامان دەستدرێژی سێکسی کرابووە سەر، ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە مانگی خەرماماندا بەبڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک دووایین زانیارییەکان لەبارەی دۆخی زارا محەمەدی و ئێران ڕاه­پەیکەری ئاشکراکردبوو.