کەسێکی نزیک بە بنەماڵەی “فاتمە داوەند“، یەک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر لە بۆکان لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “ئەمڕۆ لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی مهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەوادی کیا بڕیاری بارمتەی یەک ملیار تمەنیی بۆ ئازادیی فاتمە دیاری کرد”.

فاتمە داوەند بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە شاری سەقز دەستبەسەرکراوە. بەگوێڕەی ئەو سەرچاوەیە، شەوی ٢٦ی خەزەڵوەر / ٢٠١٩.١١.١٧ هێزە ئەمنییەکان بە دوو ئۆتۆمبێلەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئاشنایەکی فاتمە داوەند لە شاری سەقز و دەستبەسەریان کردووە، پاشان گواستوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا گوتی: “هێزە ئەمنییەکان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک خستوویانەتە ژێر فشار و ئەشکەنجەوە بۆ ئەوەی دان بەوە دا بنێت هاوکاریی حزبە کوردستانییەکانی کردووە، تەنانەت لەو چەند ڕۆژەدا خواردنیشیان نەداوەتێ و لە ژووری تاکەکەسیدا ڕایان گرتووە”.

فیلمی دانپێدانانە زۆرەملییەکانی فاتمە داوەند چەند ڕۆژێک پاش دەستبەسەرکرانی لە تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاو کرابویەوە.

فاتمە داوەند بۆ ماوەی مانگێک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا دەستبەسەربووە و لەو ماوەیەدا تەنیا جارێک لە ٢٣یەمین ڕۆژی دەستبەسەرکرانیدا توانیویەتی چاوی بە سێ منداڵەکەی بکەوێت.

ئەو هاوڵاتییە دەستبەسەرکراوە پاش مانگێک بەو بەڵێنەوە کە بڕیاری دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنیی بۆ دیاری دەکرێت بەڕێکرا بۆ بەندیخانەی ورمێ، بەڵام دادوەری دۆسییەکە ڕەتیکردەوە و بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندرا کە بڕیاری بارمتەکەی بۆ بڕیاری دەستبەسەرکران گۆڕاوە.