سۆفیا سۆفی، زیندانیی سیاسیی ٤٩ ساڵانی خەڵکی ئەلیگوودەرزی پارێزگای لوڕستان، لە ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٠ (١٢ی مەی ٢٠٢١) و بە حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانەوە لە بەندی ژنانی زیندانی مەشهەددایە. ناوبراو سەرەڕای ئەوەی پێویستییەکی جیدیی بە دەرمانی پزیشکی هەیە، لەبەر ناڕازیبوونی دامودەزگا ئەمنییەکان لە مافی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە لەگەڵ ٤ زیندانیی سیاسیی ژنی دیکە و دوو ژنی زیندانیی خەڵکی مالیزیا، لە بەندی ٥ی زیندانی مەشهەددایە. ناوبراو بە هۆی تەشەنەسەندنی نەخۆشیی سەختی کۆئەندامی هەرس، زەبرکەوتن لە مینیسکی ئەژنۆ و ئاسم، کە دوای تووشبوون بە کۆرۆنا لە زینداندا ڕووی داوە، پێویستی بە دەرمان و چاودێریی پزیشکییە، بەڵام تا ئێستا لەبەر ڕێگریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکان لە خزمەتگوزاریی پزیشکیی جیدی و پێویست بێبەش کراوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا بە هۆکاری نادیار کەشێکی قورسی ئەمنی باڵی بەسەر زیندانی مەشهەددا کێشاوە و کاتی چوونە هەواخۆری (حەوشە)ی بەندی ٥ کورت کراوەتەوە و ئەم بەندکراوانە لە دۆخێکی تەواوئیزۆلەدا دەژین.

سۆفیا سۆفی، چالاکی مەدەنی، لە کۆتایی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (١٩ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) کاتێک کە بۆ دیداری منداڵەکەی سەردانی مەشهەدی کردبوو، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەستبەسەر کرا و دوای ١٦ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئەمنیی ئەو ئیدارەیەدا، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ناوبراو لە لایەن دادوەر مەزڵوومییەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» سزای ٧ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و لە ١٦ی بەفرانباری ١٣٩٨دا (٦ی ژانڤییەی ٢٠٢٠) بۆ جێبەجێکردنی سزاکە ڕۆیشتەوە بۆ زیندانی مەشهەد و دوای دوو مانگ بەپێی یاسای پشووی کۆتایی زیندان ئازاد کرا.

ناوبراو جارێکی تر لە گەڵاڕێزانی ١٣٩٨دا (نۆڤامبری ٢٠١٩) لە شەقامێکی شاری مەشهەد لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ئەم شارەوە دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان ناوبراویان بە شێوەیەکی توندوتیژانە لەگەڵ خۆیان بردەوە بۆ ماڵەکەی و دەستیان دایە پشکنین و دەستیان گرت بەسەر هەموو کەلوپەلێکی کەسیی ناو ماڵەکەدا، لەوانە لابتۆب و هارد و مۆبایلەکان کە هیی منداڵەکانی بوون.

ئەم چالاکە مەدەنییە بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای مەشهەد بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و هاوکاریکردنی دەزگا ئەمنییەکان خرایە ژێر گوشار و هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی منداڵەکانیەوە.

ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی مەشهەد کرا و دوای ١٦ ڕۆژ مانەوە لە دۆخی سەختی بەندی گشتیی ئەم زیندانەدا و تووشبوون بە کۆرۆنا، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا. ناوبراو بە هۆی ئالوودەبوونی لەسەدا شەستی سییەکانی بە کۆرۆنا، دوای ئازادی لە بەشی ئای سی یووی نەخۆشخانەدا خەوێنرا.

دوای ٤ مانگ کۆبوونەوەی دادگای سۆفیا سۆفی لە دادگای مەشهەد بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت»، «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە گرووپە دژبەرەکانی حکوومەتدا و «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی»، لایەن دادوەر مەنسوورییەوە سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

سۆفیا سۆفی لە ڕێکەوتی ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٠دا (١٢ی مەی ٢٠٢١) بۆ جێبەجێکردنی سزای ٥ ساڵ بەندکران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی مەشهەد. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ماوەی ١٨ مانگ بەندکراندا تەنها یەک جار بۆ ماوەی حەفتەیەک لە خەرمانانی ١٤٠٠دا (سێپتامبری ٢٠٢١) مۆڵەتی پشووی دەرمانیی پێ دراوە. لە یەک ساڵی ڕابردوودا و سەرەڕای نامەی پزیشکیی داد سەبارەت بە دوخی تەندروستیی ناجێگیری ناوبراو، تا ئێستا بە هۆی ڕێگریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکانەوە لە مافی پشووی کاتی و خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست بێبەش کراوە.