موژگان کاووسی، نووسەر و توێژەری دەستبەسەرکراوی خەڵکی کەلاردەشتی پارێزگای مازەندەران، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سارییەوە بە گشتی سزای پێنج ساڵ و دوو مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. هاوکات بەپێی دەقی حوکمەکە، تۆمەتی «افساد فی‌الارض»ی لەسەر لاچووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی بەفرانبار (٢٩ی دێسامبر) ئەم حوکمە بە پارێزەرانی ئەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەنراوە. بەپێی حوکمەکە، ناوبراو بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» سزای ١٥ مانگ و ڕۆژێک بەندکران، «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» سزای ٨ مانگ بەندکران، «فریودان و پاڵپێوەنانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران» سزای ٣٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، لە کۆی ٥٩ مانگ و ڕۆژێک بەندکران، گەورەترین سزاکە واتە ٣٩ مانگ بەندکران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەز (٢٠ی دێسامبر) کۆبوونەوەی دادگای ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ساری بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض»، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی»، «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ»، «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «فریودان و پاڵپێوەنانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران» و «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەردا» بەڕێوە چوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرماناندا (٢٢ی سێپتامبر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە نەوشەهر دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ساری. ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی تۆنکابۆن کراوە.

موژگان کاووسی پێشتر لە بەفرانباری ١٤٠٠دا (ژانڤییەی ٢٠٢٢) دوای ٢١ مانگ زیندانیبوون لە زیندانی کەچوویی کەرەج ئازاد کرابوو.