بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سبەینێ سێشەممە ١٠ی گەلاوێژ (١ی ئاگوست) کۆبوونەوەی دادگای ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە بەڕێوە دەچێت.

تۆمەتی ئەم پارێزەرە یاساییە «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە ڕێگای تانەدانەوە لە بۆچوونی پزیشکیی داد سەبارەت بە مەرگی ژینا ئەمینی لە وتووێژ لەگەڵ میدیا بیانییەکان و ڕۆژنامەی ئێعتیماددا ڕاگەیەنراوە.

پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی لە حاڵێکدا دەبرێتە بەردەم دادگا کە سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە ١٠ مانگ بەسەر کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا و خۆپیشاندانە جەماوەری و سەرانسەرییەکانی پاش ئەم ڕووداوە کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم ٥٠٠ کەس و برینداربوونی هەزاران کەسی تر، تا ئێستا لێکۆڵینەوە بۆ داوای یاسایی و شکاتی بنەماڵەی ئەمینی لە بکوژانی منداڵەکەیان نەکراوە.

ساڵح نیکبەخت هاوکات لەگەڵ تانەدان لە بۆچوونەکەی پزیشکیی داد کە «جەڵدەی دڵ» لەبەر «نەخۆشیی پێشووتر»ی بە هۆکاری مردنی ژینا ئەمینی ڕاگەیاندبوو، داوای «لێکۆڵینەوەی دووبارە و پێکهێنانی لیژنەیەکی دیکە بە بەشداریی پزیشکانی ناسراو و جێمتمانەی کۆمەڵگەی پزیشکیی ئێران»ی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەم بابەتە کردبوو. بەڵام بەرپرسانی دەزگای دادوەری تانەدانی یاسایی ئەم پارێزەرەیان وەک «بانگەشەی دژ بە حکومەت» ڕاگەیاند و دۆسیەی یاساییان بۆ کردەوە.

ساڵح نیکبەخت ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١ (١١ی مارسی ٢٠٢٣) لە بەردەم لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی موقەدەسی تاراندا ئامادە بوو و تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ی پێ ڕاگەیەنرا. ئەم پارێزەر و یاساناسە بە دانانی کەفالەت تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ژینا ئەمینی، ژنەکوردی خەڵکی سەقز، لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٣ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە شەقامێکی تاراندا لە لایەن دەوریەی ئێرشادەوە (پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقیی کۆماری ئیسلامیی ئێران) لەبەر «حیجاب» و بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز دەستبەسەر کرا و لە ماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێردا پاش گواستنەوەی بۆ بینای پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقیی تاران لە شەقامی وزەرا، بە هۆی قورسبوونی ئەو زەبرانەوە کە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە بەر سەری کەوتبوو، لەسەر خۆ چوو و ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەسرا کرا. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراوەتەوە، ژینا کاتێک ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو کە تووشی مەرگی مێشک ببوو و سێ ڕۆژ دواتر لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرماناندا (١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەست دا.

ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە و لە سیناریۆیەکی دووبارەدا ڕایگەیاند کە ژینا بە جەڵدەی دڵ و لەبەر نەخۆشیی پێشووتر گیانی لەدەست داوە، بەڵام بنەماڵەکەی وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم بانگەشەیە پێداگر بوون لەسەر ئەوە کە منداڵەکەیان پێش دەستبەسەربوون بەتەواوی تەندروست بووە. هەروەها چەند شایەتحاڵێکی مەیدانییش کە خۆیان لە ڕیزی دەستبەسەرکراوانی دەوریەی ئێرشاد لە کات و شوێنی دەستبەسەرکردنی ژینادا بوون و لە هەمان ئەو ئۆتۆمبێلەدا بوون کە ژینای پێ گوازرابوویەوە، دواتر پشتڕاستیان کردەوە کە هێزەکانی پۆلیس ژینایان بە قورسی ئەشکەنجە داوە و هۆکاری شکانی کاسەسەریشی هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لێدان و ئەشکەنجانە. بە وتەی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، تا ئێستا هیچ ڕێکارێکی یاسایی لەسەر دۆسیەکە نەگیراوەتە بەر و هەموو لێکۆڵینەوەکان بەبێ ئامادەبوونی بنەماڵە و پارێزەر بەڕێوە چووە.