تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ١ی ڕەشەمە / ٠٢.٢٠، “پەریسا سەیفی” هونەرمەند و چالاکوانی مەدەنیی دەستبەسەرکراوی کورد لە ١٢یەمین ڕۆژی مانگرتیندا لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانە ژنان)ی سنەدا، بەهۆ ناجێگریبوونی دۆخی تەندروستییەوە براوە بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی ئەو شارە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “پزشکەکانی نەخۆشخانەی تەوحید دۆخی تەندروستیی پەرسیا سەیفییان بە ناجێگیر و مەترسیدار زانیوە و هەوڵیانداوە سێرۆمی لێبدەن بەڵام جەستەی وەرینەگرتووە”.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بنەماڵەی سەیفی پاش ئەوەی ئاگاداری ئەو بابەتە بوون سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان نەخۆشخانەکەیان گەمارۆدابووە و ڕێگەیان پێنەداون کچەکەیان ببینن.
ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا گوتی کە پەریسا سەیفی پاش چەند تاقیکردنەوەیەک برایەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە. بنەماڵەی ئەو هونەرمەندە کوردە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ توانیویانە بۆ چەند خولەکێک لە پشت جامەکانەوە چاویان پێی بکەوێت و پەرسیا سەیفی لەو چاوپێکەوتنەدا پێ گوتوون کە بە هیچ شێوەیەک تا ئەو کاتەی ئازاد نەکرێت کۆتایی بە مانگرتنەکەی ناهێنێت.
پەریسا سەیفی لە ڕۆژی ١٩ی ڕێبەندانەوە / ٠٢.٠٨ بۆ دەربڕین ی ناڕەزایی بەرامبەر بەوەی دادگاییکردنەکەی و ئازادکردنی بە دانانی بارمتە بەردەوام پاشدەخرێتەوە مانی لە خواردن گرتووە، ڕۆژی ٢٩ی ڕێبەندان / ٠٢.١٨ جارێکی دیکە برایە دادگای سنە، بەڵام دادوەرەکە دیسانەوە دادگاییکردنەکەی پاش خستەوە.
ئەو هونەرمەندە کوردە لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانبار / ٠١.١١لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و پاشان بۆ دەستبەسەرگەی “شەهرام فەر”ی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بەڕێکرابوو