بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی شەممە ١٦ی گوڵان (٦ی مەی) ئاروین نیکپەی، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی گوندی «نێ»ی مەریوان، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

ئەم هاووڵاتییە بە ئامبۆلانس لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فەجری مەریوان کراوە و لەژێر چاودێری توندی ئەمنیدا لەو نەخۆشخانەیە خەوێنراوە.

ئەم لاوە ٢٠ ساڵەیە لە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (٣١ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەریوان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ئینجا لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەدا (١٢ی مارس) ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرا، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات.

ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر بێبەش کراوە. لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

ئەگەر بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە؛

لە ئێران لەگەڵ یەکێک لەم ژمارانەدا پێوەندی بگرن: ئۆرژانسی کۆمەڵایەتی: ١٢٣، ئۆرژانسی شاری: ١١٥، دەنگی ڕاوێژکار: ١٤٨٠، ئۆرژانسی دەروونپزیشکیی تاران: ٤٤٥٠٨٢٠٠.