ئیوارەی رۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕ (2019.06.28) پاسەوانانی سنووری ملەی تەتەی ناوچەی هەورامان (هەڵکەوتوو لە دەڤەری شاری سەروئاوا)، کۆڵبەرێکی کورد دەستبەسەر دەکەن و چەند کاتژمێر ئازار و ئەشکەنجەی دەدەن.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاگادار بۆتەوه کە دوێنێ ئێوارێ پاسەوانانی سنووریی لە ملەی تەتەی هەورامان لە شوێنی هاتووچۆی کۆلبەران بۆسەیان ناوەتەوە و کۆڵبەرێکیان بە ناوی “سەرحەد ڕاەپەیکار” دەستبەسەر كردووه.
ئەو هێزانە لەگەڵ ئەوەی دەستیان گرتووە بەسەر کەلوپەلێک کە کۆڵبەرەکە پێ بووە، ئەویان بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر ئازار و ئەشکەنجە داوە. بەپێی
زانیارییهكان ئهم کۆڵبەرە بە هۆی ئەشکەنجە و ئازاری زۆر بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانەی بووعەلی مەریوان بردوویانە و لەوێ خەواندوویانە.
زۆر جاران کۆڵبەران باسیان لە ئازار و ئەشکەنجەیان بە دەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران كردووه.
کۆڵبەرێک کە زستانی ساڵی ڕابردوو لە لایەن پاسەوانانی سنووری شاری سەردەشت تووشی ئەشکەنجە ببوو، بە تۆڕی مافی مروڤی کوردستانی ڕاگەیاند ” لە نیوەشەوێکی مانگی رێبەندانی ساڵی رابردوو، ئەمن لەگەڵ چەند کۆڵبەری تر لە لایەن پاسەوانانی سنووری ناوچەی کەپرانی سەردەشت دستبەسەر کراین و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر بەر لێدان و ئەشکەنجەی پاسەوانان کەوتین. ئەو هێزانە له کاتی باهۆز و بارینی بەفر ئێمەیان رووت کردەوە و پاشان بە پێخواسی ئێمەیان لە نێو شاخدا لەو بەفر و سەرمایەدا بەڕەڵا کرد.”