بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕێبەندان / ٠٢.٠٨، “فواد وەکالەتی”، هاوڵاتی کوردی خەڵکی ماکۆ بە ساڵێک سزاوە لە بەندیخانەی شاری ماکۆ بەندکرا. ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری “خۆی” بە تۆمەتی “بانگەشە لەدژی کۆماری ئیسلامی” بە ساڵێک بەندکران سزادرابوو. ئەو سزایە پاشان لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێدا وەک خۆی پەسندکرا.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “فواد وەکالەتی لە ڕێکەوتی ١٩ی گوڵاندا / ٢٠١٩.٠٥.٠٩، لەگەڵ سێ هاوڵاتی دیکە بەناوەکانی “یوسف سەبزی بێڵخکانلو”، “سولەیمان ڕاستق قزڵباش” و “جەعفەر مشکینی مێسرکانلو” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ماکۆ گواسترابوونەوە. ئەو هاوڵاتیانە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لەو دەستبەسەرگەیەدا ئەشکەنجەدرابوون و دوایە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕەوانەکرابوون”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو هاوڵاتیانە لەو دەستبەسەرگەیەدا بەتۆمەتی “بانگەشە لەدژی کۆماری ئیسلامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا” لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە و پاش مانگێک فواد وەکالەتی، یوسف سەبزی و سولەیمان ڕاستق قزڵباش بۆ بەندیخانەی ماکۆ ڕەوانە کرابوون.

جەعفەر مشکینی بۆ ماوەی دوو مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا و پاشان بۆ بەندیخانەی ماکۆ ڕەوانە کرا. ئەو هاوڵاتییە هێشتا ئازادنەکراوە و لەو بەندیخانەیەدا بەسەردەبات.

هەر کامە لە فواد وەکالەتی، یوسف سەبزی و سولەیمان ڕاستق قزڵباش پاش ٢٠ ڕۆژ مانەوە لە بەندیخانەی ماکۆدا بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازادکران.

ماوەیەک دواتر دانیشتنی دادگایی ئەو هاوڵاتیانە لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری خۆی بە سەرۆکاەتیی “دادوەر عیرفانی” بەڕێوەچوو و هەر کامەیان بە تۆمەتی “بانگەشە لەدژی کۆماری ئیسلامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا” بە ساڵێک بەندکران سزادران. ئەو سزایە پاشان لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێدا وەک خۆی پەسندکرا.