بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، چوار زیندانیی تۆمەتبارکراو بە “دزی” حوکمی بڕینی چوار پەنجەی دەستیان بە سەردا سەپا. بڕینی ئەندامێکی لەش یەکێکە لەو سزا نامرۆڤانەی کە لە پەیمانە نێونەتەوەیەکاندا قەدەغە کراوە، بەڵام ئێران هێشتا ئەم سزایە بەکار دەبات.
هادی ڕوستەمی، مەهدی شەرەفیان و مەهدی شاهیوەند خەڵکی خوڕەم‌ئابادن کە ساڵی ١٣٩٤(2015)دا بە دەستی “پۆلیسی ئاگاهی” لە شاری ورمێ گیراون و بە تۆمەتی دزی مەحکووم کراون بە بڕینی چوار پەنجەی دەست. دۆسیەی ئەم تۆمەتبارانە دوای تۆمارکردنی ناڕەزایی لە سەر بڕیارەکەی دادگای یەکەم، ئێستا بۆ پێداچوونەوە نێردراوە بۆ دیوانی بالای ئێران.
بە پێی دادنامەیەک کە لە لایەن لقی یەکەمی “دادگای تاوانی یەک” (تایبەت بە مندالان و مێرمنداڵان)ی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە لە ڕێکەوتی ٢٨/٨/١٣٩٨ (١٩/١١/٢٠١٩) دەرچووە و نوسخەیەکی کەوتۆتە دەست تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم کەسانە بە پێی مادەی ٢٧٨ی یاسای سزای ئیسلامی «بە هۆی چوار جار دزیکردنەوە مەحکووم کراون بە بڕینی چوار پەنجەی دەستی ڕاستیان لە بنی پەنجەیانەوە و بە شێوەیەک کە تەنیا پەنجە گەورەکەیان و بنی دەستیان بمێنێتەوە. بە پێی مادەی ٦٦٧ی هەمان یاسایش مەحکووم کراون بە گەڕاندنەوەی شتومەکە دزراوەکان».
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم دۆسییەیە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند: “حوکمی ئەم سێ زیندانییە دوای چوار ساڵ چاوەڕوانی لە مانگی ڕەزبەری ساڵی پاردا ڕاگەیەندرا و دوای تۆمارکردنی ناڕەزاییان، بۆ پێداچوونەوە نێردراوە بۆ لقی سێزدەی دیوانی باڵای ئێران، هەروەها دەربارەی کەیسی “کەسرا کەرەمی”، زیندانییەکی دیکەی مەحکوومکراو بە بڕینی ئەندامی لەش لە زیندانی ورمێ، وتی: ئەم زیندانییەش کە ساڵی ١٣٩٦ (٢٠١٧) بە تۆمەتێکی هاوشێوە بە بڕینی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی مەحکووم کراوە، دوای ناردنەوەی دووبارەی دۆسییەکەی بۆ دیوانی باڵای ئێران، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و دیار نییە ئاکامی دۆسییەکەی چۆنی بە سەر دێت.
نوسخەیەک لە دادنامەی ئەم هاووڵاتییە کوردەیش کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بە پێی ئەم بەڵگەنامەیە کە لە ڕێکەوتی ١/٧/١٣٩٦ (٢٣/٩/٢٠١٧) دەرچووە، ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی “دزی” بە بڕینی چوار پەنجەی دەستی ڕاست و گەڕاندنەوەی شتومەکە دزراوەکان بۆ خاوەن سکاڵاکان مەحکووم کراوە.
کەسرا کەرەمی خەڵکی شاری کرماشان لە بەرواری ٢١ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی ھەتاوی (١٣/١٠/٢٠١٧) لە لایەن پۆلیسی شاری “ورمێ”وە دەستبەسەر کراوە. یەکەمین دادگای ناوبراو لە بەروای ٢٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ (١٢/٢/٢٠١٧) لە لقی یەکی دادگای تاوانی ئەم شارە بەڕیوە چوو و دوای دەرچوونی حوکمی “بڕینی ئەندامی لەش”، پارێزەرەکەی ناڕەزایی خۆی لەم حوکمە دەربڕی و هەر بۆیە ئێستا دۆسییەکەی بە مەبەستی پیاچوونەوە نێردراوە بۆ لقی ٢٧ی دیوانی بالای ئێران و لە دادنامەی پیاچوونەوەی ئەم دادگایەشدا و بەپێی ڕوونکردنەوەیەکی یاسایی دیسان دۆسییەکە گەڕێنراوەتەوە بۆ دادگای یەکەم، بەپێی ئەم ڕوونکردنەوەیە: “خاوەن سکاڵاکە داوای بڕینی ئەندامی لەشی نەکردووە، هەر بۆیە دادنامەکە پووچەڵ دەکرێتەوە و بۆ دادگاییکردنەوەی دووبارە ئەگەڕێنرێتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار، واتە بۆ ئەو دادگایە کە حوکمەکەی تێدا دەرچووە”.
دووهەمین جەلەسەی دادگای ئەم زیندانییە لە ڕێکەوتی ٢٢ی پوشپەڕی ١٣٩٨ (١٣.٠٧.٢٠١٩)بەڕێوە چوو و دیسانەوە سزای بڕینی چوار پەنجەی دەستی بە سەردا سەپایەوە.
دوابەدوای تۆمارکردنی ناڕەزایی لە لایەن پارێزەرەکەی کەسرا کەرەمییەوە، دۆسییەکەی بۆ پیاچوونەوەی کۆتایی دووبارە نێردراوەتەوە بۆ دیوانی باڵای ئێران.
به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هادی ڕوستەمی، مەهدی شەرەفیان، مەهدی شاهیوەند و کەسرا کەرەمی لە کاتی گیراندا بۆ داننان بە تۆمەتەکانیاندا ئەشکەنجە کراون.

بە پێی هەردوو “جاڕنامەی جیهانیی بەرگرتن بە ئەشکەنجە” و “جاڕنامەی جیهانیی مافی مەدەنی و سیاسی” کە لە سەر بنەمای “جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ” نووسراون و پەسەند کراون، بەکارهێنانی سزا نامرۆییەکان، وەکوو بڕینی ئەندامی لەش، قەدەغە کراوە.
ئێران سەرەڕای ئەوەی زۆربەی ئەم جاڕنامانەی واژۆ کردووە، بەڵام لە ڕیزی ئەو وڵاتە کەمهەژمارانەدایە کە هێشتا نەبوونەتە ئەندامی کۆنڤانسیۆنی جیهانیی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و بۆ بەشێکی زۆر لە سزاکان هێشتا هەر ئەشکەنجە بە کار دەبات.