به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به‌ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی ڕابردوو به‌ فه‌رمانی سەرۆکی به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی ورمێ، كامه‌ران ده‌روێشی له‌ سێهه‌مین ڕۆژی مانگرتنیدا له‌ خواردن بۆ ژووری تاكه‌كه‌سی گواسترایه‌وه‌. ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییە كورده‌ له‌ ڕێكه‌وتی ٣ی مانگی جۆزه‌رداندا و بە مەبەستی ناڕه‌زایی دەربڕین بەرانبەر بە‌ مانه‌وه‌ له‌ به‌ندی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كاندا و هه‌روه‌ها دوورخستنەوە لە بەندی زیندانییه‌ سیاسییه‌كان، به‌ دوورینه‌وه‌ی لێوی ده‌ستی دایه‌ مانگرتن.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ دۆسیه‌ی ناوبراو پێشتر به‌ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی ڕاگه‌یاندبوو كه‌ كامه‌ران ده‌روێشی لە خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵدا و پاش تێپەڕینی چوار ساڵ بە سەر زیندانیبوونیدا، پشووی كاتی یان مورەخه‌سیی پێ درابوو، بەڵام دوای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زیندان به‌ فه‌رمانی سەرۆکی به‌ندیخانه‌‌ بۆ بەندی تاوانبارانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان گواستراوه‌‌ته‌وه‌.
ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ پێشتریش له‌ مانگی خاكه‌لێوەدا بە مەبەستی دەربڕینی‌ ناره‌زایه‌تی بەرانبەر‌ بارودۆخی خۆی له‌ زینداندا، به‌ دوورینه‌وه‌ی لێوی مانی له‌ خواردن گرتبوو.
شایانی باسە کە كامه‌ران ده‌روێشی لە ڕێکەوتی ١٣ی گوڵانی ١٣٩٥(02.05.2016)دا له شاری‌ ورمێ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و بۆ ماوه‌ی ٢ مانگ له‌ گرتووخانه‌ی ئیداره‌ی ئیتڵاعاتی ئه‌م شارەدا و لە ژێر قورسترین ئه‌شكه‌نجەکاندا لێپرسینەوەی لێ کرابوو‌. ناوبراو لە مانگی گه‌ڵاڕێزانی هه‌مان ساڵدا له‌ لایه‌ن “لقی دووی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ورمێ”وە به‌ دادوه‌ریی دادوه‌ر “عه‌لی شێخلو”، به‌ تۆمه‌تی هاوكاریکردن لەگه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستاندا (پ‌ك‌ك) سزای‌ ٥ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپێنرا.