زیندانیی سیاسیی کورد سوهەیلا حیجاب کە مانگی ڕابردوو دوای چەندین مانگ مانەوە لە قەرەنتینەی زیندانی قەرچەکدا ڕەوانەی بەندی ٨ی ئەم زیندانە کرا، لەبەر ئەوەی نامەیەکی بۆ پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوو بڵاو کردۆتەوە، ڕووبەڕووی تۆمەت و دۆسیەی تازە کراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزان ڕەوانەی بەردەم لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای ئێڤین بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەحموود حاجی‌مورادی کراوە و لەوێ تۆمەتی تازەی پێ ڕاگەیەنراوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە «ئەم دادگایە بڵاوکردنەوەی نامەی پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردووی بە بەڵگەی «بانگەشەی دژی حکوومەت» و «شێواندنی ڕای گشتی» لە قەڵەم داوە و لەسەر ئەم تۆمەتانە دۆسیەیەکی تازەی بۆ کردۆتەوە. داوانامەی دۆسیەکەیش ڕۆژی ٢٦ی گەڵاڕێزان پێشکەشی دادگاکە کراوە».

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە خانمی حیجاب دوای گەڕانەوە لە دادگا کەوتۆتە بەر لێدان و ئەشکەنجەی چەند کەس لە کاربەدەستان و زیندانییانی تاوانبار بە کوشتنەوە: «ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزان دوای بەڕێوەچوونی دانیشتنی ڕاگەیاندنی تۆمەتەکان و گەڕانەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ زیندانی قەرچەک، لە کاتێکدا بەرەو بەندەکەی بەڕێ دەکرا، سێ ئەندامی هێزەکانی زیندان بە ناوەکانی ئەکرەمی، بەحری و نەسری و هەروەها دوو زیندانیی تاوانبار بە کوشتنی بەئەنقەست ناوبراویان داوەتە بەر لێدان و ئەشکەنجە».

سوهەیلا حیجاب پێشتر لە ٢٧ی جۆزەرداندا بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە ئاست نەگواستنەوەیدا بۆ زیندانی ئێڤین و هەروەها کۆتاییهێنان بە زەخت و گوشاری دامەزراوە ئەمنییەکان لەسەر بنەماڵەکەی، بۆ زیاتر لە مانگێک مانی لە خواردن گرتبوو. پاراستنی زیندان دەستی بەسەر کارتی تەلەفۆنی ئەم زیندانییەدا گرتووە و ناهێڵێت لەگەڵ بنەماڵەکەیدا پێوەندیی تەلەفۆنی بگرێت.

سوهەیلا حیجاب، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی کرماشان، لە مانگی جۆزەردانی ڕابردوودا لە لایەن هێزەکانی سەر بە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک گواسترایەوە بۆ یەکێک لە ماڵە ئەمنەکانی ئەم دەزگایە و دوای ماوەیەکی کورت دیسان برایەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێوین. دواجار پاش ٨ مانگ بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی ئازاد کرا. ئەم پارێزەرە یاساییە لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٨دا بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت»، «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی»، «تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە» و «دروستکردنی گرووپی نایاسایی» سەرجەم ١٨ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپا. بەپێی مادەی یاسایی کۆکردنەوەی سزاکان، ٥ ساڵی ئەم حوکمە جێبەجێ دەکرێت. ناوبراو لە ٣ی جۆزەرداندا دوای بانگهێشتکران بۆ لقی ٣٦ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای تاران، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ڕەوانەی زیندانی قەرچەک کرا.