ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕێبەندان (١٥ی فێبرییە) حوکمی ٦٠ قامچیی هادی ڕوستەمی، زیندانیی مەحکووم بە بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست، لە لقی ٨ی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری ورمێدا جێبەجێ کراوە. جێبەجێکردنی ئەم حوکمە نامرۆڤانەیە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو لە دوو مانگی ڕابردوودا دوو جار بە خواردنی شیشە هەوڵی خۆکوشتنی داوە و لە ڕووی جەستە و تەندروستییەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە. 

کەسێکی نزیکی ئەم زیندانییە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: “نزیکەی ٥ مانگ لەمەوپێش و بە تۆمەتی ئاژاوەنانەوە لە زینداندا دۆسیەیەکی تازە لە لقی ١١٣ی دادگایی شاری ورمێدا بۆ ئەم زیندانییە دروست کرابوو و حوکمی ٨ مانگ زیندان و ٦٠ قامچییان بە سەردا سەپاند”.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندان و سەرەڕای دۆخی جەستەیی ناجێگیری ناوبراو، ڕەوانەی لقی ٨ی ئیجرای ئەحکامی دادگای ورمێ کراوە و ٦٠ قامچییەکەی لێ دراوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی پێشتر و لە سەرماوەزی ئەمساڵدا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی شیکارییانەی چڕوپڕ ڕایگەیاندبوو کە بەرپرسانی ئێران دەبێ یەکسەر بەرنامەی بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی ڕاستی هادی ڕوستەمی و ٥ پیاوی زیندانیی دیکە ڕابگرن، هەروەها وتبووی ئەم حوکمە دوای موحاکەمەیەکی نادادپەروەرانە و بەپێی کۆمەڵە دانپێدانانێک بووە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا بووە و بەم شێوەیە تۆمەتی دزییان لەسەر سەلماوە. 

هادی ڕوستەمی لە دوو مانگی ڕابردوودا و بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر بە ڕاگرتنی لە بەندی ئەمندا و مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمەکەی، دوو جار لە ڕێی خواردنی شیشەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە. بە درێژایی ئەم ماوەیە و سەرەڕای پێویستیی خێرای هەناردنی ئەم زیندانییە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان، بەرپرسی بەشی پشکنین و سەرۆکی زیندان بەریان بەم کارە گرتووە و سەرەڕای دۆخی ناجێگیری تەندروستیی ناوبراو، کەچی هەر لە زینداندا ڕاگیراوە. ئەم زیندانییە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا و لەبەر بوونی وردەشیشە لە ناو کۆئەندامی گەدەیدا چەندین جار تووشی خون لەبەرچوونی ناولەش بووە.

هادی ڕوستەمی لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزدا بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە دوور خرایەوە بۆ زیندانی تەورێز، بەڵام بەرپرسانی زیندانی تەورێز ئامادە نەبوون بۆ ماوەیەکی درێژ وەری بگرن و هەر بۆیە دوای ڕۆژێک گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.

هادی ڕوستەمی لە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەز و لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ عەلی ئەکبەر گەڕووسی، سەرۆکی دادگوستەریی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، وێڕای ئاماژەدان بە ئەشکەنجەدران لە کاتی دەستبەسەربوون لە ئیدارەی ئاگاهیدا و دەرچوونی حوکمی نادادپەروەرانە بۆ خۆی و هاودۆسیەکەی تری لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانەی بە ئەشکەنجە وەرگیراون، داوای لێکۆڵینەوەی دووبارە و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی کردبوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەنووکە ٦ زیندانی بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی ٣٣ ساڵان، مەهدی شەرەفیان ٣٧ ساڵان، مەهدی شاهیوەند ٤٢ ساڵان، شەهاب تەیمووری ٣٥ ساڵان، مێهرداد تەیمووری ٣٩ ساڵان و کەسرا کەرەمی ٤٠ ساڵان، بە تۆمەتی «دزی» مەحکووم کراون بە بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستیان.