هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی «سیر حەیدەرلوو»ی شاری ورمێ بە ناوی ڕەحمان ئەحمەدیان کە حەفتەی ڕابردوو لەگەڵ ٥ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەم گوندە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئەمنیەتەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە کرابوو، لەو دەستبەسەرگەیە گیانی لەدەست داوە.

کەسێکی نزیک لە ڕەحمان ئەحمەدیان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت؛ «ڕەحمان ئەحمەدیانی تەمەن ٣٨ ساڵ لە گوندەکەیاندا بە شوانییەوە سەرقاڵ بوو. ناوبراو ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕ لەگەڵ ٥ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەم گوندە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئەمنیەتەوە دەستبەسەر کرا. ڕۆژی ٢٧ی پووشپەڕ پۆلیسی ئەمنیەت پێوەندییان بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو لە دەستبەسەرگەدا خۆی کوشتووە و گیانی لەدەست داوە. ڕەحمان لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەگرتبوو».

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، بنەماڵەکەی بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان چوونەتە پزیشکیی دادی ورمێ و دوای ئەوەی بەڵنیان لێ وەرگیراوە کە هیچ هەواڵێک لەم بارەوە بڵاو نەکەنەوە، تەرمەکەیان ڕادەست کراوەتەوە. ڕێوڕسمی ئەسپەردەکردنیشی بە ئامادەبوونی هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان لە گوندی «سیر حەیدەرلوو»ی ورمێ بەڕێوە چووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا سەبارەت بە هۆکاری مردنی ڕەحمان ئەحمەدیان وتی: «بنەماڵەکەی باوەڕیان بە قسەکەی پۆلیسی ئەمنیەت و بۆچوونی سەرەتایی پزیشکیی داد نەکردووە کە دەڵێن خۆی کوشتووە، هەر بۆیە داوای پشکنینی تەرمەکەیان کردبوو. پزیشکیی داد ڕاگەیاندنی دوابۆچوونی پزیشکیی دوا خستووە بۆ دوو مانگی تر. هەروەها بنەماڵەی ئەحمەدیان سکاڵایەکیان لەسەر پۆلیسی ئەمنیەت پێشکەشی سەرچاوە دادوەرییەکانی ورمێ کردووە».

دەوترێت ئەگەری کوژرانی ڕەحمان ئەحمەدیان لەژێر ئەشکەنجە لە ئارادایە. لەم ساڵانەی دواییدا چەندین حاڵەتی دیکەی کوژرانی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و ئینتیزامییەکانەوە تۆمار کراوە، لەوانە خوێندکاری کورد ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی کە دوای تێپەڕینی ٨ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا لە بەفرانباری ١٣٨٦ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گیانی لەدەست دا و ئەوکات ڕاگەیەنرا کە خۆی کوشتووە. ئەگەرچی بنەماڵەکەی قەت ئەم بۆچوونەی ئیدارەی ئیتلاعاتیان قبووڵ نەکرد، بەڵام بەدواداچوونە یاساییەکانی پارێزەری دۆسیەکەیش تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی لێ نەکەوتۆتەوە. هەروەها لە یەکێک لە دوایین حاڵەتەکاندا کە ڕێبەندانی ١٣٩٩ ڕووی دا، پۆلیسی ئاگاهیی تاران ڕایگەیاند کە هۆکاری گیانلەدەستدانی خوێندکارێکی کوردی خەڵکی دیواندەرە بە ناوی مێهرداد تاڵشی کە دوای تێپەڕینی یەک ڕۆژ بەسەر دەستبەسەربوونیدا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی شاپووری تاران گیانی لەدەست دا، جەڵدەی دڵ بووە، بەڵام بە وتەی بنەماڵەکەی ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە لەسەر جەستەی کوڕەکەیان دیار بووە و هەر بۆیە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە. 

ڕۆژی سێ شەممە ٢٩ی پووشپەڕ سەرۆکی دادگوستەریی ورمێ لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێراندا وتبووی کە شەش ئەندامی «باندێکی تاوانکار» دەستبەسەر کراون. یەک لەم شەش کەسە کە سەرۆکی دادگوستەریی ورمێ ئاماژەی پێ کردبوون، ڕەحمان ئەحمەدیان بوو، کەچی هیچ ئاماژەیەکی بە گیانلەدەستدانی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئەمنیەتی ورمێدا نەکرد. شایانی باسە کەسانی نزیک لە ڕەحمان ئەحمەدیان هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە کە گوایە ناوبراو کێشەی بۆ خەڵک ناوەتەوە و ئازاری داون، ئەوان دەڵێن ڕەحمان هەرتەنها خەریکی شوانی بووە.