تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەمە، دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد بۆ ئازادکردنی کاتیی محەممەد مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار کە لە گوڵانی ١٣٩٧ـەوە دەستبەسەرە، بارمتەی ٨ میلیارد تمەنیی دیاری کردووە.

دادگای ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەڕێوە چوو و وا بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا دواحوکمی دادگاکە بۆ ئەم دۆسیەیە ڕابگەیەنرێت.

محەممەد مورادی لە ڕێکەوتی ٢٢ی گوڵانی ئەمساڵدا بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە حوکمی ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا لە لایەن لقی ٣٤ی دیوانی باڵای ئێرانەوە لەبەر ناتەواوبوونی دۆسیەکە هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایەوە بۆ لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە بە هۆی تووشبوونەوە بە نەخۆشیی «فتق» دۆخێکی ناجێگیری هەیە، سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکەکانی نەخۆشخانەی زیندان لەمەڕ زەروورەتی دەرمانکردنی لە نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و ڕەزامەندیی دادوەری چاودێری زیندان بۆ ئەم کارە، لەبەر ناڕازیبوونی سەرۆکی زیندان لە گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە و جێبەجێکردنی قۆناغەکانی دەرمانی پزیشکی بێبەش کراوە.

محەممەد مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «قەبرحسەین»ی شاری پیرانشار، لە ڕێکەوتی ٢ی گوڵانی ١٣٩٧دا سەرەڕای هەماهەنگیکردنی بنەماڵەکەی لەگەڵ سپای پاسداراندا و وەرگرتنی «ئەماننامە» بۆ دوای گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، لە ساتەوەختی چوونەناو دەروازەی سنووریی «کێلێ»ی سەردەشت لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە ورمێ. ناوبراو بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەمەڕ «ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا و گەڕانەوە بۆ ئێران بە مەبەستی چالاکیی چەکداری» خرایە ژێر قورسترین ئەشکەنجەکانەوە.

محەممەد مورادی ٣٥ ساڵان، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە. ناوبراو هەروەها برای دوو کۆڵبەرە بە ناوەکانی «سادق مورادی» و «عەبدوڕەحمان مورادی» کە لە ڕەزبەری ١٣٩٨دا لە ناوچەی سنووریی «کۆتران»ی قەندیلی پیرانشار بوونە ئامانجی دەسڕێژ و ئەشکەنجەدانی هێزەکانی سپاسی پاسداران و گیانیان لەدەست دا.