لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە دژ بە کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە شاری پاوەدا، تا ئێستا لانیکەم ٣٦ هاووڵاتی و چالاکی مەدەنی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون. لە کۆی ئەم کەسانە لانیکەم ١٢ کەسیان بە ناوەکانی ، جەواد مەولوودی، کامران کەریمی، لوقمان کیانی، ئاکار سەلیمی، وەحید ئەنساری، پێشەوا ڕەهبەری، شایان فەتحی، محەممەد فەتحی ، ماهان فەتحی، ڕامین ئەحمەدی، پارسا حسەینی و ئاکار سەلیمی تا ئێستایش هەر لای دامودەزگا ئەمنییەکان دەستبەسەرن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە زۆربەی دەستبەسەرکراوان لە بەرەبەیانی چوارشەممە ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ ئەشکەنجە و گوشارێکی قورسیان خستۆتە سەر دەستبەسەرکراوان کە تەمەنی زۆربەیان لە نێوان ١٥ تا ٢٠ ساڵدایە.

لەم ڕۆژانەی دواییدا ٢٤ کەس لە دەستبەسەرکراوان بە ناوەکانی گلاره مورادی، ئاروین ئێقباڵی، سۆران ئەسعەدی ، نیما نادری، کارۆ حسەینی، ئەنەس مەقسوودی ، پەیمان کەریمی، ڕێبوار فاتیحی، هەژار شەریفی، ئێحسان سادقیانی، میلاد غوڵامی، سینا نادری، ئاژوان سادقی، سیروان ئەنساری، عومران ئەحمەدی، پەیمان ئەحمەدی ، میلاد ئەنساری، سۆما نەقشبەندی، موسلێح شەریفی، کامیاب ساڵحی، موبین شەفیعی، ئەنەس وەلەدبەیگی، دانش کەریمی و فەردین محەممەدی، بەڵێننامەی نووسراویان بۆ بەشدارینەکردن لە خۆپیشاندانەکاندا لێ وەرگیراوە و پاشان ئازاد کراون.