بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، محەممەد حاجی‌ڕەسوول‌پوور، لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بۆکان کە لە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزدا (١٣ی دێسامبر) دوای ئازادبوونی کاتی لە زیندان، لەبەر ئەشکەنجەدرانی قورس لە کاتی دەستبەسەربووندا دۆخێکی جەستەیی ناجێگیری هەبوو و هەر بۆیە یەکسەر لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەیەکی بۆکاندا خەوێنرا، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی سەرماوەز (١٩ی دێسامبر) گیانی لەدەست دا.

ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانەوە دوو جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دواهەم جار لە ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەزدا (٢٣ی نۆڤامبر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٢٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە حاڵێکدا کە بە هۆی ئەشکەنجەی قورسەوە توانای قسەکردنی لەدەست دابو، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا و یەکسەر برایە نەخۆشخانەی قولیپووری بۆکان و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە حاڵەتی کۆمادا بوو.

ئەم هاووڵاتییە ٥٧ ساڵەیەی خەڵکی بۆکان پێشتریش لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەردا (١ی ئۆکتۆبر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەردا (١٧ی ئۆکتۆبر) بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو. ئەو پێش لەمانەیش لە سەرماوەزی ١٤٠٠ـەوە تا خاکەلێوەی ١٤٠١ (دێسامبری ٢٠٢١ تا ئاوریلی ٢٠٢٢) بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت و لە بەرژەوەندیی حیزبێکی دژبەری حکوومەتدا» لە زینداندا بوو.

بەپێی زانیارییە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمە هەشتەم حاڵەتی مردنی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوە بە هۆی ئەشکەنجەدرانەوە لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی کوردستان لەم سێ مانگەی ڕابردوودا. لە حەفتەکانی پێشوودا گیانبەختکردنی لانیکەم شادمان ئەحمەدی خەڵکی دێولان، شەهریار عادڵی خەڵکی سەردەشت، ڕامین فاتیحی خەڵکی سنە، ئیسماعیل دزاوەر خەڵکی سەقز، محەممەد لوتفوڵڵاهی خەڵکی سنە، ئومید حسەینی خەڵکی سنە و هێمن ئەمان خەڵکی بۆکان لە ئەنجامی ئەشکەنجەدران لە کاتی دەستبەسەربووندا تۆمار کراوە. هەروەها ڕاپۆرتی فراوان لەسەر ئەشکەنجەدرانی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە بەردەستدایە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان داوای سەرنجدانی جیدی و هەنگاوی کرداری و خێرای ڕای گشتی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئاست بارودۆخی دەستبەسەرکراوان لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان و زیندانەکانی ئێراندا دەکات. گیانی ئەم کەسانە لەژێر مەترسیی جیدیدایە.