بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەوحید (لوقمان) دەروێش، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «گرناویک»ی شاری خۆی، لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەردا (٢٩ی سێپتامبر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تەورێز دەستبەسەر کراوە و دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە تۆمەتی «موحارەبە»ی ڕووبەڕوو کردووەتەوە. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەربوونەوە تا ئێستا مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەی لێ زەوت کراوە و لە دوایین پێوەندیی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا باسی لەوە کردووە کە بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر ئەشکەنجەوە.

تەوحید دەروێش کە تەمەنی ٢٧ ساڵە شۆفێری ئێسنەپ بووە و لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەردا (٢٩ی سێپتامبر) دوای ئەوەی چەند موسافیرێکی لە خۆیەوە بردووەتە تەورێز، لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. هێزە ئەمنییەکان هۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبراویان گەڕاندووەتەوە بۆ بەشداریکردنی لە سووتاندنی بانکێک لە خۆپیشاندانەکانی تەورێزدا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە کە ئێستە لە زیندانی تەورێز ڕاگیراوە، لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە تەنها چەند جارێک بە کورتی لەڕێی تەلەفۆنەوە پێوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا گرتووە و لەو پێوەندییانەیشدا ناچار بووە بە زمانی فارسی لەگەڵ بنەماڵەکەی قسە بکات.

سەرەڕای سەردانی بەردەوام و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر دوایین بارودۆخی دۆسیەکەی، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەم بارەیەوە بدەن و تەنها ڕایانگەیاندووە کە تۆمەتی «موحارەبە»ی لەسەرە و لەبەر ئەمنیبوونی دۆسیەکە بۆ خۆی مافی دیاریکردنی پارێزەری نییە.

بەرپرسانی دادوەری لە دوایین سەردانی بنەماڵەکەیدا ڕایانگەیاندووە کە دادگای ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە لە ڕێکەوتی ٣ی بەفرانباردا (٢٤ی دێسامبر) لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تەورێز و بە ئامادەبوونی پارێزەری دیاریکراوی خودی دادگا بەڕێوە دەچێت.

تەوحید دەروێش باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «گرناویک»ی ناوچەی کوتولی شاری خۆیە. بنەماڵەی دەروێش لە بوومەلەرزەکەی ڕەشەمەی ١٣٩٨دا (فێبرییەی ٢٠٢٠) ماڵەکەیان ڕووخاوە و هەر بۆیە ناچار بوون گوندەکەیان بەجێ بێڵن و لە شاری خۆی نیشتەجێ بن.