چوار چالاکی مەدەنیی یارسان بە ناوەکانی سیاوەش حەیاتی، سەیدئەمین عەباسی، سەیدسرووش عەباسی و سەیدکەرەم عەباسی کە لە ڕێکەوتی ٩ و ١٠ی سەرماوەزدا (٣٠ی نۆڤامبر و ١ی دێسامبر) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە شارەکانی کرماشان و ساوە دەستبەسەر کرابوون، تا ئێستایش هەر دەستبەسەرن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا سێ برای چالاکڤانی مەدەنیی یارسان، سەیدئەمین عەباسی، سەیدسرووش عەباسی و سەیدکەرەم عەباسی، کە لە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزدا (١٧ی دێسامبر) لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کرابوون، گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.

لەسەر چارەنووسی سیاوەش حەیاتی، بەرپرسی بەرەی یەکگرتووی کورد و وتەبێژی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

دەوترێت سەیدکەرم عەباسی کە لە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزدا (١ی دێسامبر) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە ساوە دەستبەسەر کرا، لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە مانی لە خواردن گرتووە و دۆخی تەندروستیی بووەتە مایەی نیگەرانییەکی زۆر.

سیاوەش حەیاتی، سەیدئەمین عەباسی، کاکی فەرزاد ئەڵماسی، سەیدسرووش عەباسی، عەلی نەزەری، محەممەد قبووڵی و ڕووزبێهـ حەیاتی لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەز (٣٠ی نۆڤامبر) لە کاتی گەڕانەوەدا لە سەحنەوە بۆ کرماشان لە بنکەی پۆلیسی هاتوچۆی بێستوون لە لایەن هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکانەوە و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی و بە بێڕێزی و لێدان دەستبەسەر کران.

ئەگەرچی عەلی نەزەری، محەممەد قبووڵی و ڕووزبێهـ حەیاتی دوای دوو کاتژمێر ئازاد کران، بەڵام سیاوەش حەیاتی، سەیدئەمین عەباسی، کاکی فەرزاد ئەڵماسی و سەیدسرووش عەباسی ڕەوانەی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشان کران. کاکی فەرزاد ئەڵماسی لە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزدا (١٨ی دێسامبر) بە دانانی بارمتە لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ئازاد کرا.

ئەم کەسانە بە مەبەستی دیدارکردن لەگەڵ ئازادکراوانی ڕێوڕەسمی ٢٧ی گەڵاڕێزاندا (١٨ی نۆڤامبر) سەردانی شاری سەحنەیان کردبوو. ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزان (١٨ی نۆڤامبر) ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی سەیدخەلیل عالی‌نژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کۆمەڵگای یارسان، لە شاری سەحنەی پارێزگای کرماشاندا بوو بە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی جەماوەری. هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللە هێرشیان کردە سەر بەشداربووان و ژمارەیەکی زۆریان دەستبەسەر کرد.