بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٦ی ڕەشەمە (٧ی مارس) مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، لە بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ناوەندیی ورمێوە گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی. حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە پەسەند کراوە و هەر بۆیە مەترسیی جێبەجێکردنی دەسبەجێ و خێرای حوکمەکەی لە ئارادایە.
مەحیەدین ئیبراهیمی ٤٣ ساڵان، خێزاندار و خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ١٢ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٦دا (٣ی نۆڤامبری ٢٠١٧) لە گوندێکی شاری شنۆ بە تەقەی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران بریندار و دەستبەسەر کرا و پاشان گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێ و بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدانی قورسەوە.

دادگای ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٧دا (٣٠ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو و بەبێ پارێزەری دیاریکراوی خۆی بەڕێوە چوو و ڕۆژی یەکی ڕەزبەر (٢٣ی سێپتامبری ٢٠١٨) لە زینداندا بە ڕەسمی پێی ڕاگەیەنرا کە بە تۆمەتی «بەغی» حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەر چووە. ئەم حوکمە دوای تانەلێدان نێردرایە بەردەم لقی ١٩ی دیوانی باڵای ئێران و لەبەر «ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان» هەڵوەشێنرایەوە و سەرلەنوێ نێردرایەوە بۆ بەردەم لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ. ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ دووهەم جار لە بەفرانباری ١٣٩٨دا (ژانوییەی ٢٠١٩) لە لایەن ئەم دادگایەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپایەوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی پێشتریش لە ساڵی ١٣٨٩دا (٢٠١٠) بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ١٤ مانگ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

شایانی باسە کە برایەکی ئەم زیندانییە سیاسییە بە ناوی نوورەدین ئیبراهیمی لە ساڵی ١٣٩٦ (٢٠١٧) و لە کاتی کۆڵبەریدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و گیانی لەدەست دا.