زانیار (مەتین) توندەر، منداڵە خوێندەوانێکی ١٧ ساڵانی خەڵکی پیرانشار کە هێزە سەربازی-ئەمنییەکان لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارە لە گەڵاڕێزانی ١٤٠١دا (نۆڤامبری ٢٠٢٢) بە ساچمەزەن تەقەیان لە سەری کردبوو، بینایی چاوێکی لەدەست داوە.

حەمزە توندەر، باوکی ئەم منداڵە، لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «کوڕەکەم یەکەم جار لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو (سێپتامبری ٢٠٢٢) لە شەوی گیانلەدەستدانی زەکەریا خەیاڵدا بە سووکی بریندار بوو و هەر لە ماڵەوە دەرمانمان کرد. جاری دووهەمیش لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزاندا (٢٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە خوار فولکەی کشاوەرزیی پیرانشارەوە بە گوللەی ساچمەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار بوو کە لە ئەنجامدا بینایی چاوێکی لەدەست دا».

ئەم هاووڵاتییە سەبارەت بە شێوازی برینداربوونی منداڵەکەی و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە وتی: «ئەو شەوە خۆپیشاندانەکان بە شێوەی هێمنانە دەستی پێ کرد، بەڵام هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر خەڵک و کوڕەکەی منیش کە لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکاندا بوو، بریندار بوو. زانیار دواتر کە هاتەوە هۆش گێڕایەوە کە دوای ئەوەی شتێک بەر سەرم کەوت هەوڵێکی زۆرم دا بە برینداری نەکەومە دەستیان، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم، تەنها ئەوەندە دەزانم کە هێزە ئەمنییەکان سواری ئۆتۆمبێلێکیان کردم. ٨ تا ٩ ساچمە بەر سەری زانیار کەوتبوو و هەر بۆیە تووشی ڕشانەوەی خوێن ببوو، هێزە ئەمنییەکانیش پێیان وا دەبێ کە شانسێکی بۆ زیندوومانەوە نییە و وازی لێ دێنن تا بمرێت. خەڵک دەیدۆزنەوە و دەیبەنە نەخۆشخانە. لە نەخۆشخانەی پیرانشار وتبوویان لێرە ناتوانین چارەسەری بکەین و هەر بۆیە گواستبوویانەوە بۆ ورمێ. من لە ورمێ گەشتمە سەری، بارودۆخی بە جۆرێک بوو کە نەمدەزانی زیندووە یان مردووە. لەوێش پێیان گوتین خێرا کوڕەکەتان بەرن بۆ تەورێز. ئێمەیش ئامبوڵانسێکمان بە کرێ گرت و بردمان بۆ نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزای تەورێز. لەوێشەوە بۆ پشکنینی دۆخی چاوی ناردینیانە نەخۆشخانەی نیکووکاری. پزیشکانی ئەم نەخۆشخانەیە زۆریان یارمەتی داین، ئەوان وتیان دەبێ پسپۆڕێکی مێشک و دەماریش بێت تاکوو تێبگەین کە سەرەتا دەبێ نەشتەرگەری بۆ چاوی بکەین یان بۆ سەری. دواجار سەرەتا نەشتەرگەرییان بۆ چاوی کرد. پاشان سەرلەنوێ گەڕاندینیانەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزا و کوڕەکەم نزیکەی ١٠ ڕۆژ لەو نەخۆشخانەیەدا خەوێنرا».

حەمزە توندەر باس لەوە دەکات کە هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامی لە نەخۆشخانەدا لێیان داوە و دەستووری دەستبەسەرکردنیشیان بۆ خۆی و کوڕەکەی دەرکردووە: «بە درێژایی ئەو ماوەیە هێزە ئەمنی و ئینتیزامییەکان گوشارێکی قورسیان خستبووە سەرمان. بە جۆرێک کە لە دەهەمین ڕۆژدا هێزەکانی بنکەی کەلانتەریی ١١ هاتنە نەخۆشخانە و بردمیانە نهۆمی ژێرەوەی نەخۆشخانەکە و زۆر بە قورسی لێیان دام و سووکایەتیی زۆریان پێ کردم. دواجار پەرستارانی نەخۆشخانەکە کەوتنە بەین و نەیانهێشت لەوە زیاتر ئەشکەنجەم بدەن. بە هۆی زەخت و گوشاری هێزە ئەمنییەکان و لەسەر پێشنیاری پزیشکانی نەخۆشخانەکە، هەمان ڕۆژ لەسەر بەرپرسیارێتیی خۆم کوڕەکەم لە نەخۆشخانەکە بردە دەرەوە و دوای ماوەیەک ژیانی نهێنی لە ئێراندا و پاش ئەوەی کە زانیم دادگای پیرانشار حوکمی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووین، بە ناچار ئێرانمان بەجێ هێشت».