ئومید سەعیدی، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی پووشپەڕەوە (٤ی جولای) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست ڕەتکردنەوەی داوای پشووی کاتی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتووە، لە لایەن داواکاری گشتی و سەرۆکی زیندانی خۆیەوە هەڕەشەی دوورخستنەوەی لێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی پووشپەڕ (٦ی جولای) لە سێهەم ڕۆژی مانگرتنەکەیدا لەگەڵ یەعقووب ڕەشتبەر، داواکاری گشتیی خۆی و سەفەر تاوەردیزادە، سەرۆکی زیندانی خۆی، دیداری کردووە و هەردووکیان هەڕەشەیان لێ کردووە ئەگەر درێژە بە مانگرتنەکەی بدات دووری دەخەنەوە بۆ یەکێک لە زیندانەکانی جوڵفا یان کرماشان.

لە بەرانبەردا ئەم زیندانییە سیاسییە ڕایگەیاندووە تا کاتێک مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ نەدرێت درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات.

ئومید سەعیدی ڕۆژی سێشەممە ١٣ی پووشپەڕ (٤ی جولای) لە نامەی مانگرتنەکەیدا بۆ بەرپرسانی زیندانی خۆی ڕایگەیاندبوو کە ٤ مانگ پێش لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی خۆی و تا ئێستا چەندین جار شۆرای پۆلێنبەندیی زیندان ڕەزامەندیی لەسەر داوای پێدانی پشووی کاتی بەم زیندانییە سیاسییە داوە، بەڵام سەرەڕای دانانی بارمتەی یەک میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی، بە هۆی ڕێگریکردنی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە لە مافی بەهرەمەندبوون لە مۆڵەتی پشووی کاتی بێبەش کراوە.

ئومید سەعیدی، هاووڵاتیی خەڵکی خۆی، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، کەیوان ڕەشۆزادە، نایب حاجیزادە و عەبدولعەزیز محەممەدپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ. دادگای ئەم هاووڵاتییانە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە کۆمەڵەدا، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. ئومید سەعیدی تانەی لە حوکمەکە دا بەڵام لە دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە، حوکمی ئەو ٣ هاووڵاتییەکەی تریش دوای پێشکەشکردنی داوای قبووڵکردنی بڕیار و بەپێی یاسا گۆڕدرا بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران.