پێنج هاووڵاتیی خەڵکی سەراوڵەی ئیلام بە ناوەکانی نەوید محەممەدنژاد، مێهرداد قەیسەربەیگی، ئەیوب گەراوەند، یونس گەراوەند و شەهریار فەریادیان کە لە حەفتەکانی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، بەبێ ئەوەی چارەنووسیان دیاری بکرێت تا ئێستایش بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە هەر لە دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئیلامدان. ئەم پێنج هاووڵاتییە لە ڕۆژی یەکشەممە ١ی گەلاوێژەوە (٢٣ی جولای) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بەردەوامبوونی ڕاگرتنیان لە دۆخی دەستبەسەربووندا مانیان لە خواردن گرتبوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە حەفتەی ڕابردوو ئیمام جومعە و داواکاری گشتیی شاری سەراوڵە لە دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئیلام لەگەڵ ئەم ٥ هاووڵاتییەدا دیداریان کردووە و پێیان وتوون کە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییان دەگۆڕدرێت بۆ بڕیاری ئازادکردن بە بارمتە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنە هەڵنەگیراوە.

ئەم پێنج هاووڵاتییە کە لە ڕۆژی ١ی گەلاوێژەوە (٢٣ی جولای) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بەردەوامبوونی ڕاگرتنیان لە دۆخی دەستبەسەربووندا مانیان لە خواردن گرتبوو، لەسەر بەڵێنی ئەم بەرپرسانە کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنابوو. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و سەرەڕای سەردانکردنی بەردەوامی بنەماڵەکانی ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوانە بۆ دادگای سەراوڵە بە مەبەستی دیاریکردنی چارەنووسیان، دیسانە داواکاری گشتی ئامادە نەبووە بڕیاری ئازادکردن بە بارمتەیان بۆ دەربکات.

ئەم پێنج هاووڵاتییە کە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئەم شارە کراون، تا ئێستایش هەر بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە دۆخێکی نادیاردا ڕاگیراون.

ڕۆژی ٢١ی جۆزەردان (١١ی ژوەن) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام بە شێوەی هاوکات شەش هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەراوڵەیان بە ناوەکانی محەممەد تەهماسبی (مامۆستا)، نەوید محەممەدنژاد (وەرزشکار)، مێهرداد قەیسەربەیگی، ئەیوب گەراوەند، یونس گەراوەند و حامید ڕەحمانی دەستبەسەر کرد. دوای چەند حەفتەیەک محەممەد تەهماسبی و حامید ڕەحمانی بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کران، بەڵام ئەو چوار هاووڵاتییەکەی تر تا ئێستایش بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە دەستبەسەرگەی کاتیی ئیلامدان.

هەروەها شەهریار فەریادیانیش ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ (١٣ی جولای) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری سەراوڵە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام. ئەم هاووڵاتییەیش دوای چەند ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامدا ڕەوانەی دەستبەسەرگەی کاتیی ئەم شارە کرا.

دەوترێت ئەم هاووڵاتیانە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراونەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحییەوە.