سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە ٥ مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەبووبەکر مامزادە، ئەحمەد مامزادە، جوامێر مام خەسرەوی، سۆران قاسمی، جەلیل مەولوودی، ڕزگار بابامیری، کاوە ساڵحی و پژمان سوڵتانیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان و بانە، هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ئێستایان لە بەردەستدا نییە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم ٨ هاووڵاتییە کوردە دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراون و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراونەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە. سۆران قاسمی و ئەحمەد مامزادە چەند حەفتەیەک لەمەوپێش توانیویانە دیدارێکی کورت لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا بکەن، بەڵام ئەو هاووڵاتیانەی دیکە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراون.

هەموو بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتیانە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر بارودۆخیان تا ئێستا بێئەنجام بووە و دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکان مۆڵەتی بە پارێزەران نەداوە دۆسیەکانیان بخوێننەوە.

دەوترێت ئەم ٨ هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە ماوەیەک لەمەوپێش براونەتە قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی ورمێ و دوای چەند ڕۆژێک سەرلەنوێ براونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات.

لە ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا (١٥ی ئاوریلی ٢٠٢٣) ئەحمەد مامزادە، سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و پژمان سوڵتانی لە شاری بۆکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ئەبووبەکر مامزادەیش لە گوندێکی نزیک ئەم شارەدا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

هەروەها ڕۆژی دواتر، ٢٧ی خاکەلێوە (١٦ی ئاوریل)، جەلیل مەولوودی و ڕزگار بابامیری لە بۆکاندا و ڕۆژی ٧ی گوڵانیش (٢٧ی ئاوریل) جوامێر مام خەسرەوی لە ناوچە سنوورییەکانی بانەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.