ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندان (١٤ی فێبرییە) مەسعوود کوردپوور، سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵنێریی موکریان کە لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرماناندا (٢٠ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو و بە گشتی سزای ١٧ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەم زیندانییە سیاسییە و پارێزەرەکەی بە هیچ شێوەیەک داوای «بەخشین و لێبوردنیان» نەکردووە و ناوبراو بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە ئازاد کراوە».

مەسعوود کوردپوور لە سەرەتای ڕێبەنداندا (ناوەڕاستی ژانڤییە) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی بۆکانەوە بە تۆمەتی«تێکدانی ئارامیی گشتی» و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» بە گشتی سزای ١٧ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

دادگای ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەزدا (٣٠ی نۆڤامبر) بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەڕێوە چوو و لە سەرەتای ڕێبەنداندا (ناوەڕاستی ژانڤییە) حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنرابوو.

بەپێی دەقی حوکمەکە، مەسعوود کوردپوور بە تۆمەتی«تێکدانی ئارامیی گشتی» و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» بە ڕیز سزای ٨ مانگ و ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

مەسعوود کوردپوور، سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵنێریی موکریان، لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرماناندا (٢٠ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە بۆکان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی میاندواو کرا و بەم دواییانەش بردبوویانەوە بۆ زیندانی بۆکان.