خزر رەسول مرووەت
هاوڵاتی کوردی خەڵکی میاندواو
دەستەبەسەرکران: ٨ی ڕەشەمەی ١٣٩١ / ٢٠١٣.٠٢.٢٦
تۆمەت: هەستان بە تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی
ڕەوش: پاش تێپەڕکردنی پێنج ساڵ بەندکران لە بەندیخانە ئازادکرا
خزر ڕەسول مرووەت، پسپۆڕی بواری ئەدەبیات و یەک لە چالاکوانە خوێندکارە کۆنەکانە کە لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی / ٢٠١٣.٠٢.٢٦ پاش بەشداریکردن لە گردبوونەوەیەکدا لە بەرمبەر فەرمانگەی پەروەردە و ڕاهێنان (آموزش و پرورش)ی شاری مهاباد دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی سێ مانگ لە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی شارەکانی مهاباد و ورمێ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا.
ئەو بەندکراوە سیاسییە لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٢ / ٢٠١٣.٠٩.٣٠ بەبێ پارێزەر لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی مهاباد بە سەرۆکایەتیی “دادوەر جەوادی گیا” دادگایی کرا و بە تۆمەتی “هەستان بە تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” بە پێنج ساڵ بەندکران سزادرا، ئەو سزایە لە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٢ / ٢٠١٣.١٢.١٨لەلایەن لقی ١٠ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ وەک خۆی پشتڕاستکرایەوە.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی / ٢٠١٤.٠٣.٠٨بە هۆکارگەلێکی نادیار بۆ بەندیخانەی ورمێ دوورخرایەوە و لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا / ٢٠١٤.٠٤ گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی مهاباد. پاشان لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا / ٢٠١٦.٠٨.٢٩ لەسەر فەرمانی داواکاری گشتیی و سەرۆکی بەندیخانەی شاری مهاباد بۆ بەندیخانەی میاندواو دوورخرایەوە. لە کاتی گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی میاندوواو وەک بێڕێزییەک دەست و قاچییان بەستبووەوە، هەروەها لە بەندیخانەکەشدا لەلایەن پاسوەنەکانەوە درابووە بەر پەلامار و ئەشکەنجە.
ئەو چالاکوانە مەدەنییە لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاویشدا / ١٩٩٩ لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مهابادەوە بە سێ ساڵ بەندکرانی تەعزیری و پێنج ساڵ بەندکرانی تەعلیقی (هەڵپەسێردراو) سزادرابوو و پاش تێپەڕکردنی دوو ساڵ لەو سزایە بە مەرج لە بەندیخانە ئازادکرا. هەروەها سەرەڕای دەرچوونی لە تاقیکردنەوەی زانکۆکانی ئێران لە مافی درێژەدان بە خوێندنی ماستەر بێبەشکرا.