کەمال شەریفی، زیندانیی سیاسیی کورد کە شازدەیەم ساڵی بەندکران لە سزای ٣٠ ساڵ بەندکران لە زیندانی مینابی پارێزگای هورموزگاندا تێدەپەڕێنێت، سەرەڕای تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆرەوە لە ناو زینداندا، تا ئێستایش لە مافی پشووی کاتی و ئازادیی مەرجدار بێبەش کراوە و بە درێژایی ئەو هەموو ساڵەی دەستبەسەربوون و بەندکران، تەنها یەک جار توانیویەتی چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا دوو جار لە ساڵەکانی ١٣٩١ و ١٣٩٩دا (٢٠١٢ و ٢٠٢٠) لە زیندانی میناب تووشی جەڵدەی مێشک و دڵ بووە، بەڵام هەردوو جار دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە و بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو زیندان.

کەمال شەریفی لە خاکەلێوەی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢١) بە بڵاوکردنەوەی ڕەنجنامەیەک سەبارەت بە دوایین بارودۆخی خۆی نووسیبووی: «١٣ ساڵە زیاتر لە ٢٠ جار داوای نووسراوم بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی پێشکەشی داواکاری گشتی، سەرۆکی فەرمانگەی داد و بەرپرسانی دادوەریی پارێزگاکانی هورموزگان و کوردستان کردووە، بەڵام دوای ئەملاولاپێکردنێکی زۆر هەر هەموویان بێئەنجام و بێوەڵام بوون. دوای ئەوەی جەڵدەی مێشکم کرد و هێشتا ئاسەوارەکانی لەسەر دەموچاوم دیارە، ئەم جارە لە ١٢ی ڕەشەمەدا (٢ی مارسی ٢٠٢١) جەڵدەی دڵم کرد کە دوای نەشتەرگەریی ئانژیۆپلاستی سەرلەنوێ گەڕاندمیانەوە بۆ هەمان بەند و هەمان ژووری پێشووی خۆم. سێزدە ساڵە بە نەخۆشیی کۆئەندامی هەرسەوە ناچار بووم بە خواردنی خراپی زیندان و دووکەڵی تریاک و بەنگەوە هەڵ‌بکەم».

کەمال شەریفی، چالاکی سیاسیی خەڵکی سەقز و ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ١٣٨٧دا (٢٥ی مەیی ٢٠٠٨) کاتێک کە لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی ئەم حیزبەدا بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەرکی ڕێکخستن لە سەقزدا بوون، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا. هاوڕێکەی دیکەی هەر لە هەمان شوێندا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان و گیانی بەخت کرد.

کەمال شەریفی بۆ ماوەی ٦ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا خرایە ژێر لێپرسینەوە و بە درێژایی ئەم ماوەیە بە مەبەستی ناچارکردنی بە دانپیانانی زۆرەملێ، خرایە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحیی زۆر قورسەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەرماوەزی ١٣٨٧دا (٢٥ی نۆڤامبەری ٢٠٠٨) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شایەق بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی شەڕی چەکدارییەوە لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامی و ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، بەپێی مادەکانی ١٨٦ و ١٩٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی، حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی مینابی بەسەردا سەپا.

بەپێی دادنامەیەک کە نوسخەیەکی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە «لە ماوەی بەندکراندا بۆی نییە لەگەڵ زیندانییەکانی تردا هاتوچۆ و گفتوگۆ بکات و هەموو مافێکی دیدار و نامەگۆڕینەوە لەگەڵ هەموو کەسێکی لێ زەوت دەکرێت و دەبێ سەرجەم ماوەی سزاکەی هەر لە زینداندا تێپەڕێنێت».

کەمال شەریفی لە گەلاوێژی ١٣٩٠دا (جولایی ٢٠١١) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دۆخی سەختی خۆی لە زیندانی مینابدا مانی لە خواردن گرت و لە ٤٨ـەمین ڕۆژی مانگرتندا و دوای دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵەدا، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا. لە ساتەوەختی دەستبەسەربوونەوە تا ئێستا، ئەوە تاکەجارێک بووە کە ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە توانیویەتی چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.

ڕێکخراوەی لێبوردی نێونەتەوەیی لە ڕێبەندانی ١٤٠٠ (ژانڤییەی ٢٠٢٢) و لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ سەرۆکی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای هۆشداریدان لەمەڕ بارودۆخی جەستەیی کەمال شەریفی و بوونی مەترسی لەسەر گیانی، داوای کردبوو ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە دەسبەجێ ئازاد بکرێت.

ئەم ڕێکخراوەیە جەختی لەسەر ئەوە کردبوو کە ئەم زیندانییە سیاسییە بە هۆی «بێبەشکرانی بەئەنقەست و دوورودرێژ» لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پێویست و پسپۆڕانەی پزیشکی بۆ نەخۆشیی دڵ و نەخۆشییەکانی تری، لەوانە نەخۆشیی کۆئەندامی هەرس، کێشەی جمگەکان و شیبوونەوەی پووکەکانی، ڕووبەڕووی خەسار و زەبری جەستەیی هەمیشەیی و جیدی بووەتەوە.